پەنابەران شەڕی عەشایەری دەبەنە ئەوروپا

بەگوێرەی میدیاکانی ئەڵمانیا، لە شاری “هیلدسهایم”ی ویلایەتی ساکسۆنی، شەڕێکی توندوتیژ لە نێوان ئەندامانی دوو عەشیرەتی عەرەبیدا ڕوویداوە، کە بووە هۆی برینداربوونی پۆلیسێکی ئەڵمانی.

پۆلیس تا ئێستا هیچ وردەکارییەکی لەسەر ڕووداوەکە و ناسنامەی ئەو کەسانە ئاشکرا نەکردووە، کە بەشداربوون لە ڕووداوەکەدا، هاوکات پۆلیسەکەش بەهۆی ئەوەی ویستوویەتی کۆتایی بە شەڕەکە بێنێت، بریندارکراوە.

وتەبێژی پۆلیسی شارەکە بە میدیا نێوخۆییەکانی ڕاگەیاندووە، گومان هەیە کە ئەو ناکۆکییە پەیوەندی بە ناکۆکی نێوان “دوو عەشیرەتی عەرەبی” هەبێت، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بدات.

جێی ئاماژەیە کە شەڕی هاوشێوە لەنێوان ئەندامانی هۆزە عەرەبییەکان لە ئەڵمانیا، جار جار ڕوویداوە و بووەتە هۆی برینداربوونی چەندین کەس.

دیارترینیان لەساڵی 2019 بوو، کە لە ناوەندی بەرلینی پایتەخت ڕوویدا و، تێیدا زیاتر لە 100 کەس بەشدارییان لە شەڕێکی خێڵەکیدا کرد، شەڕەکە بووە هۆی داخستنی ڕێگایەکی سەرەکی شارەکە، جگە لە برینداربوونی زۆربەیان بە برینی جیاواز و هەندێکیان گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانە.

هەروەها ناوچەی “هالی نیوستات”ی نزیک لایپزیگی ڕۆژهەڵاتی ئەڵمانیا، لە ناوەڕاستی مانگی تەممووزدا شەڕێکی دیکە لەنێوان ئەندامانی دوو هۆزی عەرەبیدا ڕوویدا، کە نزیکەی 70 کەس بەشدارییان تێدا کرد و، هەندێکیان چەقۆیان بەکارهێنا جگە لە چەک، ئەمەش بووە هۆی برینداربوونی 6 کەس، هاوکات زیانگەیاندن بە 8 ئوتۆمبێل.

ڕەنگە بە دڵت بن