هێزێکی چەکدار بە ئوتۆمبێل لە هاوڵاتییەک دەدەن

کۆڵبەرێکی خەڵکی بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی سنووری هەنگەژاڵەوە، بە ئوتۆمبێل کرایە ژێرەوە و دوای چوار ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانەیەکی سەقز، بەهۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لەدەستدا.

بەگوێرەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٣ی بانەمەڕی ٢٧٢٣ (٢٣ی ئەپریلی ٢٠٢٣)، محەمەد لەتیف ئەحمەدپوور، کۆڵبەری خەڵکی بانە، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی رژێمی ئێرانەوە بە ئوتۆمبێل کرابووە ژێرەوە و، لە نەخۆشخانەی شیفای شاری سەقز، بەهۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لەدەستدا.

ئەم کۆڵبەرە، ڕۆژی پێنجشەممە ٣١ی خاکەلێوە، دوای ڕێگریکردنی هێزە چەکدارەکانی سنووری هەنگەژاڵە لێی، لەگەڵ چەند کۆڵبەرێکی دیکە لەکاتی گەڕانەوەی بۆ شارەکەیان، لەلایەن ئەو هێزانەوە بە ئوتۆمبێل کراون بە ژێرەوە.

هاوکات کەمال خدری، فەرمانداری بانە، پەیوەندی بە بنەماڵەی ئەو کۆڵبەرەوە کردووە و هەڕەشەی لێیان کردووە، کە دەبێت تەرمی ناوبراو لە شەودا و بێ ئاگادارکردنەوەی ڕای گشتی بەخاک بسپێرن.

جێی باسە، محەمەد لەتیف ئەحمەدپوور، تەمەن ٣٦ ساڵ، خێزاندارە و باوکی منداڵێک بووە.

ڕەنگە بە دڵت بن