لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا پەنابەرە موسڵمانەکان ئاهەنگی جەژنی ڕەمەزانیان لە سوید و سەرانسەری جیهاندا گێڕا و، منداڵان لەگەڵ دایک و باوکیان ڕۆیشتنە پارکەکان بۆ ئاهەنگ گێڕان بە ڕێگای خۆیان، پەرلەمانتارێک دژ بە پەنابەران تویتێکی کردووە و دەنگدانەوەی لێکەوتۆتەوە.
ڕەشید فاریڤار، ئەندامی پەرلەمانی سوید لەسەر لیستی پارتی ئێس دی، لەگەڵ خێزانەکەی چوونە پارکی گەورەی لێکبێری نزیک یۆتۆبۆری و، بە بینینی رێژەیەکی زۆری پەنابەران تێیدا، کە حیجاب لەبەر بوون، لە تویتەری خۆی بە تەنزەوە نووسیویەتی: “ڕۆژێکی خۆشە، هەست دەکەیت لە ئێرانیت، یا وڵاتێکی نزیک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست”.
لە نووسینەکەیدا، سۆشیال دیموکراتەکانی تۆمەتبار کردووە بە هێنانی کۆچبەران لە وڵاتە ئیسلامییەکانەوە، ئەوەش بۆ پاراستنی دەسەڵاتی خۆیان.
تویت و لێدوانەکانی ڕەشید، لەلایەن توندڕەوانەوە پێشوازییان لێکرا، کە بەهۆی دەرکەوتنی جەژنەوە بێزار بوون بە بوونی کۆچبەران.
لەگەڵ ئەوەشدا، تویتەکانی لەلایەن چەندین کەسەوە گاڵتەیان پێکرا و بۆیان نووسیبوو، ڕەشید خۆی بە ڕەچەڵەک کۆچبەرە.
تویتەکانی ڕەشید هاوشێوەی تویتەکانی دیکەیە وەک بەشێک لە هەڵمەتێک کە لەم ڕۆژانەی دواییدا لەلایەن توندڕەوە ڕاستڕەوەکانەوە دژی ئاهەنگگێڕان و نوێژی بە کۆمەڵی مسوڵمانە پەنابەراکانەوە لە شار و شارۆچکەکانی سوید ئەنجامیان داون، هاوکات رەخنەشیان لە سەرۆکوەزیران ئولف کریستەرشۆن و سیاسەتمەدارانی دیکە و پۆلیس گرت، کە جەژنە پیرۆزەی ئاڕاستەی مسوڵمانان کردووە.
جێی باسە، هەڵمەتی ڕاستڕەوە توندڕەوەکان لەم دواییانەدا لە قسە و ڕق و کینەی هەڵسوڕاوەکانیان بەرامبەر کۆچبەران بەرز بوونەتەوە و فراوان بوون، کە پێشتر سنووردارکرابوون.