تەرمی چەندین کۆچبەر دەدۆزرێنەوە

رێکخراوی مانگی سوور دەڵێ، لە ماوەی پێنج ڕۆژی ڕابردوودا، تەرمی 34 کۆچبەریان لە کەناراوەکانی سابراتا دۆزیوەتەوە و، پاسەوانانی کەناراوەکانیش 31 لاشەیان دۆزیوەتەوە، کە  لەنێویاندا دوو منداڵ و سێ ژن هەن.

لە ماوەی پێنج ڕۆژی ڕابردوودا پرۆسەی گەڕاندنەوەی تەرمەکان بەردەوام بووە، دوای ئەوەی بەلەمێکی لاستیکی کە دەیان کۆچبەری تێدابوو لە کەناراوەکانی شاری سابراتای باکووری ڕۆژئاوای لیبیا نوقم بوو، لە کاتێکدا ژمارەی گیان لەدەستدانەکان بۆ 34 کەس بەرزبووەوە، دوای ئەوەی مانگی سووری لیبیا ڕایگەیاند، تەرمی 11 کۆچبەری دیکە دۆزراونەتەوە.

سەرچاوەیەکی ئەمنی لیبیا بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، بەلەمێکی لاستیکی کە دەیان کۆچبەری تێدابووە، چوارشەممەی ڕابردوو لە کەناراوەکانی سابراتا لە دەریادا نقومبووە، لەوانەیە ژمارەی گیان لەدەستدانەکان بەرزببێتەوە.

هەمان سەرچاوە ئەوەشی خستۆتەڕوو، کە لەو ڕووداوەدا هیچ هەلێکی ڕزگاربوونی کۆچبەرێک نییە.

ڕەنگە بە دڵت بن