پەنابەرێک لەسەر ئەوەی منداڵەکانیان لێ سەندووە ویستوویەتی چی بکات

پەنابەرێک دوای ئەوەی هەڕەشەی بۆمبڕێژکردنی نووسینگەیەکی خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی لە شاری یۆتۆبۆری کردووە، دەستگیر کراوە، ئەوەش دوای ئەوەی منداڵەکانی لی سەندراوە.

پۆلیسی سوید ڕایگەیاند، تیمێکی ئاسایش و پاراستن کە تایبەتمەندن بە مامەڵەکردن لەگەڵ تەقەمەنی و بۆمبەکان، پاش نیوەڕۆی هەینی ڕابردوو، لە نووسینگەی “کۆمەڵایەتی” لە ناوچەی “فۆرێستا لانگگاتان”ی شاری یۆتبێری، پیاوێک هەڕەشەی لە کارمەندانی نووسینگەکە کردووە، کە بۆمبێکی هەڵگرتووە و دەیتەقێنێتەوە.

بەگوێرەی تەلەفزیۆنی سوید، دوای ئەوەی منداڵەکانی لێسەندراوە نەیتوانیوە بیانبینێت، ئەو کارەی کردووە.

وتەبێژی پۆلیس پیتەر ئەدلسن وتی، پۆلیس نزیکەی کاتژمێر 2ی پاشنیوەڕۆی هەینی ڕابردوو بانگکراون بۆ نووسینگەی کۆمەڵایەتی ناوچەکە، جەختی لەوە کردەوە، کە پیاوەکە هەڕەشەی لە ستافەکە کردووە و وتوویەتی بۆمبێکی هەڵگرتووە و لە یەکێ لە ژوورەکانی بیناکەدا دایناوە و بەپەلە دەرچووە.

تیمێکی ئاسایش کە مامەڵە لەگەڵ بۆمبەکاندا دەکەن، ئاگادارکراونەتەوە کە بێنە شوێنی ڕووداوەکە، دوای گەڕانێکی فراوان، هیچ کەلوپەلێکی مەترسیداریان لە بیناکەدا نەدۆزیوەتەوە.

بەگوێرەی تەلەفزیۆنی سوید، پۆلیس و نیشانەشکێنەکان لە شوێنی ڕووداوەکە بوون، بەڵام ئۆپەراسیۆنەکە کاتژمێر ۳ی پاشنیوەڕۆ ڕاگیرا دوای ئەوەی پشتڕاستی کردەوە کە هیچ تەقەمەنییەک لە شوێنی ڕووداوەکەدا نەبووە.

هەروەها پۆلیس ئەو پیاوەی لە وێستگەیەکی ترامی شارەکە دۆزیویانەتەوە و دەستگیریان کردووە.

دەستگیرکراوەکە تۆمەتبارکراوە بە هەڕەشەی نایاسایی گەورە و هەڕەشەکردن لە کارمەندەکان، هەروەها ڕێگریکردن لە کارکردن، لێکۆڵینەوە لە پیاوەکە دەکرێت لەسەر تۆمەتەکان.

پۆلیس ناسنامەی پیاوەکە و وردەکارییەکانی کەیسەکەی ئاشکرا نەکردووە، هەروەها ئەو پاساو و پاڵنەرانەی کە وای لێکردووە هەڕەشە لە کارمەندانی کۆمەڵایەتی بکات، بەڵام تەنها گوتی ئەو کەسە بەم دواییانە منداڵەکانی لێسەندراوەتەوە و ڕێگرییان لێکردووە منداڵەکانی ببینێت، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بدات.

ڕەنگە بە دڵت بن