میدیاکانی سوید ڕایانگەیاند، پارتی لیبراڵ پێشنیاری قەدەغەکردنی بەکارهێنانی سەرپۆش لەنێو قوتابخانەکاندا بۆ حکومەت کردووە، کە لە دەستپێکی ساڵی خوێندنی داهاتووەوە بخرێتە واری جێبەجێ کردنەوە.
ئەمڕۆ پێنج شەممە، میدیاکانی سوید بڵاویان کردەوە، پارتی لیبراڵ کە بەشێکە لە حکومەتی هاوپەیمانی سوید، ئەگەر پڕۆژە یاسای قەدەغەکردنی سەرپۆش لەنێو قوتابخانەکاندا لەلایەن پارتە بەشداربووەکانی حکومەتەوە پەسەند بکرێت، ئەوا لە پەرلەمان بە زۆرینەی دەنگ یاساکە پەسەند دەکرێت.
ئەو یاسایە لەلایەن یەکێتی ژنانی پارتی لیبراڵ پێشنیار کراوە، کە منداڵانی بچووک لە باخچەی ساوایان و قوتابخانەکان لە بەکارهێنانی سەرپۆش بۆیان قەدەغە دەکات.
یەکێتی ژنان پاساوی داواکارییەکەی بۆ تێپەڕاندنی یاساکە دەدا، ئەوەش بەو بنەمایەی کە ئەو کچە منداڵە حیجابی هەڵنەبژاردووە، بەڵکو دایک و باوکی ئەو کارەیان بەرانبەر کردووە، وە حیجاب بە بەشێک لە توندوتیژی و ستەم ناو دەبەن.
بەگوێرەی میدیاکانی سوید، ماوەیەکی زۆرە ئەم بابەتە لەنێو پارتی لیبراڵدا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، جەخت لەوە دەکاتەوە کە لایەنەکانی دیکەی حکومەت هەڵوێستێکی بنچینەیییان گرتووەتەبەر بۆ پشتگیریکردن لە قەدەغەکردنەکە.
سەرچاوەکان دەڵێن تەنانەت ئەگەر پارتی لیبراڵ بڕیاری خۆی لەسەر ئەم بابەتە بگۆڕێت، ئەوا زۆرینەی پەرلەمان یاسایەک پەسەند دەکات بۆ قەدەغەکردنی سەرپۆشی منداڵان لەنێو قوتابخانەکاندا.