راپۆرتی: موسا ئەبوزعنونە/ وەرگێڕانی ماڵپەڕی rewend
کیتا کۆچبەرێکی مالی تەمەن 27 ساڵە، کە نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەر گەیشتۆتە دوورگەی فێرتێڤێنتورا (دوورگەکانی کاناری)، ئێستا لە ناوەندی وەرگرتنی کۆچبەرانی کاناری، گەشتەکەی لە وڵاتەکەیەوە بۆ ئەوروپا نزیکەی دوو ساڵی خایاندووە، لەو ماوەیەدا لە نێوان چەند وڵاتێکی ئەفریقادا، ڕووبەڕووی دەستگیرکردن و زیندانیکردن و ئەشکەنجەدان بووەتەوە.
ئەو بە ماڵپەڕی کۆچبەر نیوزی راگەیاندووە، کە لە وڵاتەکەیدا تووشی ڕەگەزپەرستی بووە، چونکە پێستی لە هۆزەکانی دیکەی مالی کەمتر قاوەییە، بۆیە قبوڵ نەکراو بووە، بۆیە بڕیاری داوە کۆچ بۆ ئەوروپا بکات، بە هیوای ئەوەی ژیانێکی باشتر بدۆزێتەوە.
لیبیا
بۆ یەکەم جار لە تشرینی یەکەمی ۲۰۲۱ هەوڵیدا بە دەریادا کۆچ بکات، ئەوەش بە یارمەتی قاچاخچییەک بە ناوی ئوسامە، بەڵام لەلایەن پاسەوانانی کەناراوەکانی لیبیاوە ڕێگرییان لێکرا و، دواتر لە زیندانێکی نهێنی لە (ورشفانا)ی نێوان تەرابلوس و زاویە، زیندانی کراوە، شەش مانگی لەوێ بەسەر بردووە.
ژیان لە لیبیا زۆر قورسە بۆ کۆچبەرانی ئەفریقای باشوور لەم وڵاتەدا هەموو کەسێک چەکی هەیە و، خۆی بە سەرباز، یا پۆلیس ناودەبات، ناتوانی متمانە بە کەس بکەیت، هەندێک جار لەبەر نەبوونی پەناگە، لەسەر شەقام دەخەون. کیتا بە سەرسوڕمانەوە وتیشی: “ئەوان ئێمە وەک کۆیلە دەخەنە بازاڕەوە و دەمانفرۆشن”.
جەزائیر
کیتا دەشڵێ، کاتێک لە زیندان دەرچووم، ڕۆیشتم بۆ جەزائیر، لەوێ ڕووبەڕووی ئازارێکی جیاواز بوومەوە، زۆرجار پەیوەندی بە ڕەگەزپەرستی هەبوو.
کۆچبەران لە باشووری بیابانی ئەفریقاوە قەدەغەکراون سواری پاسە گشتییەکان بن، وە زۆر ئەستەمە کار بدۆزیتەوە، هەندێک جار ناچار بووم بۆ ماوەیەکی زۆر لە بیاباندا بەپێ بڕۆم، جا لەژێر تیشکی خۆردا بێت، یا لە سەرمای تاڵدا.
مەغریب
لە شوباتی ۲۰۲۲، کاتێک گەیشتینە مەغریب و دوای چەند مانگێک لە گواستنەوە لە نێوان شارەکاندا، ئەوەش بۆ گەڕان بەدوای ڕێگایەک بۆ گەیشتن بە ئەوروپا، لە تشرینی دووەمی ۲۰۲۲، کیتا و هاوڕێکەی بڕیاریاندا بپەڕینەوە بۆ ناوچەی (سیوتا) ناوچەکانی سیوتا و مێلیلا تاکە سنووری وشکانین، کە یەکێتی ئەوروپا لەگەڵ ئەفریقادا هاوبەشی هەیە.
“ئێمە توانیمان دیواری سنوور ببڕین و پاسەوانانی سنووری ئیسپانیا ئێمەیان دەستگیرکرد، بەڵام ئێمەیان ڕادەستی پاسەوانانی مەغریب کردەوە، لەوێ لە پشتەوە دەستیان بەستینەوە و، بە بێ بەزەیی لێیانداین”.
دوای ئەو ئەزموونە زۆر سەختە، ڕۆیشتم بۆ شاری تان (ڕۆژئاوا) ، لەوێ بۆ پیاوێکی عەرەبی کارم دەکرد، شەوێک هات بۆ ئەوەی بە بەلەم بمبات بۆ دوورگەکانی کاناری، دوای ڕۆژ و نیوێک گەیشتینە ئەوێ.
“ئێستا هەست بە ئازادی و سەلامەتی دەکەم، ڕۆژانە سێ جار دەڕۆم و پیاسە دەکەم، بەبێ ئەوەی بترسم لەوەی لێمبدرێت، یا بڕفێندرێم، یان ئەشکەنجە بدرێم”.