لە کوشتن ڕزگاری بوو بەڵام هەڕەشەی دیپۆرتکردنەوەی لەسەرە

ئافرەتێکی پەنابەر و کوڕە 6 ساڵانەکەی، دوای ئەوەی داواکاری مانەوەیان ڕەتکرایەوە و بڕیاری دەرکردنیان دەرچوو، لە دۆخێکی ناهەمواردا دەژین.

بەگوێرەی سەرچاوەکان، هند کە ژنێکی سورییە و لە گوندێکی بچووکی ناوەندی سوید دەژی، 4 ساڵ لەمەوبەر گەیشتۆتە ئەو وڵاتە و دوای دوو ساڵ مانەوە و داواکاری پەنابەرییەکەی، داواکارییەکەی ڕەتکراوەتەوە، هاوکات بەم دواییانەش، بڕیاری ناردنەوەی بۆ سوریا دەرچووە.

هند ئەوەی رایگەیاندووە، بڕیاری ناردنەوەی بۆ ئەو وڵاتەی لێوەی هاتووە، سەرەتای دۆخێکی ترسە بۆی.

ئەو لە وتارەکەیدا بۆ میدیاکانی سوید دەڵێ، بەبێ ڕەزامەندی خێزانەکەم هاوسەرگیریم کرد و مێردەکەم لە ڕووداوەکانی شەڕی سوریا مرد، دوای چەندین ساڵ لە هەوڵدان توانی خێزانەکەی ئاشت بکاتەوە، بەڵام دوای گەڕانەوەی بۆ گوندەکەی، ناچارکرا هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێکی بیست ساڵ گەورەتر لە خۆی بکات، لە کاتێکدا ئەو کەسە سێ ژنی دیکەی هەبووە.

هند دەڵێت: “ئەو لێی دەدام و خراپ بوو لەگەڵم، بۆیە ناچاربووم لێی هەڵبێم، بەڵام جارێکی دیکە لەلایەن خێزانەکەم و هاوسەرە تازەکەمەوە بەدوامدا کەوتن، کەیسێکی لەو جۆرە لە سوریا بە تۆڵەکردنەوەی شەرەفی خێزانی هەژمار دەکرێت، بۆیە جارێکی دیکە لە سوریا هەڵاتم بەرەو سوید”.

ئاژانسی کۆچبەری سوید پشتڕاستی دەکاتەوە، کە داواکاری پەنابەرێتی هند ڕەتکراوەتەوە، لەبەرئەوەی ناتوانرێت باوەڕ بە چیرۆکەکە بکرێت، دەکرا بڕوات بۆ ناوچەیەکی دیکەی سوریا دوور لە خێزانەکەی، چونکە پێشتر بۆ چەندین ساڵ لەگەڵ مێردی یەکەمی لە خێزانەکەی دوور بووە.

جێی ئاماژەیە کە لە سوید داواکاری ڕەتکردنەوەی مافی پەنابەرێتی دەتوانرێت پێداچوونەوەی بۆ بکرێت، بژاردەیەک کە پارێزەرەکەی هند لە ماوەی داهاتوودا کاری لەسەر دەکات، بەڵام وەڵامەکە پێویستی بە چەند مانگێکیش هەیە، ئەمەش مانای ئەوەیە، کە هند و منداڵەکەی بەردەوامن لە ئازار چێشتن، کاتێکدا ئەو پشتڕاستی دەکاتەوە ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکەی.

ڕەنگە بە دڵت بن