ئەڵمانیا: سەرۆک شارەوانییەک داوای دەرکردنی پەنابەرێ دەکات

گۆڤاری Der Spiegelی ئەڵمانی بڵاویکردەوە، کە لێکۆڵینەوەی زیاتری پۆلیس سەبارەت بەو پەنابەرەی سورییەی کە بە تۆمەتی ئەنجامدانی هێرشێکی بۆ سەر یاریگایەکی وەرزشی دویسبۆرگ دەستگیرکرا، دەرکەوتووە کە پاڵنەری راستەقینەی ئەو کارەی تیرۆریستی بووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، پەنابەرە تۆمەتبارەکە خەڵکی سوریایە و، پلانی هەبووە هێرشی تەقەمەنی و گازی ژەهراویش لە شاری ڕاین-ڤێستفاڵیای ڕۆژئاوای ئەڵمانیا ئەنجام بدات، چونکە لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە و گەڕانی پۆلیس، لە شوقەی پەنابەرەکەدا کاغەزێکیان دۆزیوەتەوە کە بە عەرەبی نووسراوە و، دروستکردنی پێکهاتەی ماددەی تەقەمەنی و گازی ژەهراوی تێدابووە.

هەروەها پۆلیس پارچە کاغەزێکی دیکەیان دۆزیوەتەوە، کە ئایەتەکانی قورئانی تێدایە دژی “بێباوەڕان”.

داواکارانی گشتی ئەڵمانیا ئەو پەنابەرە سورییە تۆمەتبار دەکەن بە هێرشکردنە سەر پێنج کەس لە یانەیەکی وەرزشی و، هەوڵدان بۆ سەربڕینی یەکێکیان بە چەقۆ، کە لە 23 نیسان ئەنجامی داوە.

لە ئێستادا کەیسەکە لەلایەن نووسینگەی داواکاری گشتیی فیدراڵییەوە لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت، ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی کە وەک کەیسێکی تیرۆریستی پۆلێن دەکرێت.

هەفتەی ڕابردوو سەرۆکی شارەوانی دویسبۆرگ داوای دەرکردنی پەنابەرە سورییە تۆمەتبارەکەی کرد.

جێی باسە، ئەو گەنجە سورییە، لە ساڵی 2016 گەیشتە ئەڵمانیا و لەو کاتەدا داوای مافی پەنابەرێتی کردووە، لە ساڵی 2017 ەوە لە چەند کارێکی بچووکدا کاری کردووە، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ خزمەکانی، ئەو لە ئەڵمانیا دڵخۆش نییە و بە “وڵاتێکی پیس” ناوی بردووە.

ڕەنگە بە دڵت بن