میدیاکانی فەڕەنسا ڕایانگەیاند، دادگای وڵاتەکە بڕیاریداوە ڕێگە بدات بە دادگاییکردنی هەر پەنابەرێک بدرێت، کە بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی، یا تاوانەکانی جەنگ کە لە دەرەوەی وڵات تێوەگلابێت، بەڵام بە مەرجێک تۆمەتبارەکە لە خاکی فەڕەنسا نیشتەجێ بێت.
بەو بڕیارە، دادگا کۆتایی بەو ناکۆکییانە هێنا، کە سەبارەت بە ڕەوایەتی ڕێوشوێنەکانی دادوەری فەڕەنسا سەبارەت بە کەیسەکانی “عەبدولحەمید شەعبان”، سەربازی پێشووی هێزەکانی ڕژێمی سوریا و “مەجدی نعمە”، وتەبێژی پێشووی گرووپی “سوپای ئیسلام”، کە لە ڕێگەی پارێزەرەکانیانەوە مشتومڕی ئەوەیان دەکرد، دادگاییکردنیان لە دەستەڵاتی دادوەری فەڕەنسادا نییە.
دادگاکە لەو بارەیەوە دەڵێت، ئەو مەرجانەی پێویستە بۆ دادوەری فەڕەنسا جێبەجێکراون، تا بتوانن ئەو کەسە بیانیانەی تێوەگلاون لە تاوانەکانی جەنگدا، کە لە سوریا دژ بە دانیشتوانی ئەو وڵاتەکە ئەنجامدراون، پرۆسەی دادوەری لە دژیان بەردەوام دەبێت.
بەگوێرەی سەرچاوەکان، دادگا بە ڕوونی ئەو مەرجانەی پێناسە کردووە، کە دادوەری فەڕەنسا دەستەڵاتی ئەوەی هەیە سزای کردەوەکانی ئەشکەنجەدان، تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی، یا تاوانەکانی جەنگ بدا، کاتێک کردەوەکان لە دەرەوەی وڵات ئەنجام دراون و قوربانییەکان فەرەنسیش نەبوون.