حکومەتی هاوپەیمانی ڕاستڕەوی سوید، دژ بە کۆچ و کۆچبەران لەژێر ناونیشانی “مەیە بۆ سوید” کار دەکات، ڕۆژنامەی ئەفتۆنابلادت لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە چالاکییەکانی حکومەت و وەزیری کۆچبەری سوید، پشتڕاستی دەکاتەوە دەستیان بە کارکردن کردووە بۆ گۆڕینی یاساکانی پەنابەری.
ماریا مالمێر وەزیری کۆچی سوید، چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی وێڵتی ئەڵمانی ڕایگەیاند، زیاتر لە نیوەی کۆچبەرانی سوید هێشتا بێکارن و چاوەڕێی یارمەتی دەکەن، هاوکات ناتوانن پشتیوانی لە خۆیان، یا منداڵەکانیان بکەن، لەوانەیە لە یاسا نوێیەکان یارمەتی مانگانەکانیان ببڕدرێت، بۆیە چیتر کۆچبەران ناتوانن بێنە سوید و، حکومەت یاسای توند دەخاتە سەر کۆچ.
وەزیری کۆچ دەڵێ، وێنەی سوید وەک وڵاتێکی بەخشندە کە هەمیشە پشتیوانی لە کۆچبەران کردووە، دەگۆڕن، چونکە وڵاتەکەی ناتوانێت کۆچبەری زیاتر وەربگرێت، یان یارمەتیان بدات.
وتیشی: لەبەر ئەوەیە سەدان هەزار کۆچبەر گەشت بۆ باکووری ئەوروپا دەکەن، تا بگەنە سوید و سوود لە یارمەتییەکان (سۆسیال) وەربگرن، “ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە دەزانن ئێمە وڵاتێکی بەخشندەین، ئێستا دەمانەوێت پێچەوانەکەی لە ڕێگەی ئەم کەمپەینەوە نیشان بدەین، سوید پڕە لە کێشە و نەرێنی بەهۆی کۆچبەرانەوە”.