پۆلیسی فەڕەنسا شەش کەسی بە تۆمەتی تێوەگلانیان لە قاچاخچێتی دەستگیر کردووە، کە کۆچبەرانی تونسی و جەزائیری و سوری و ئەفغانیان لە هەنگاریاوە بە بارهەڵگر بۆ نەمسا گواستۆتەوە.
داواکارانی گشتی فەڕەنسا دوێنێ هەینی ڕایانگەیاند، ئەو تۆمەتبارانە تەمەنیان لەنێوان 21 بۆ 26 ساڵدایە و پێنجیان فەرەنسین و یەکێکیشیان مەغریبییە، لە 2 ی مانگی 6 بە تۆمەتی بەشداریکردنیان لە تۆڕێکی قاچاخچێتی کۆچبەران دادگایی دەکرێن.
سنووری نێوان هەنگاریا و نەمسا، تەنیا بەشێک بووە لە چالاکییەکانی تۆڕەکە، کە لە 12 ئەندام پێکهاتوون و، یارمەتی نزیکەی 250 کۆچبەریان داوە بگەنە نێو ئەوروپا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سێ لەو کەسانەی بەشداربوون وەک ڕێکخەر کاریان کردووە، دوو کەسی دیکە شۆفێر بوون و شەشەمیان بەرپرس بووە لە گواستنەوەی داهاتی چالاکییەکان.
ئەو شەش گومانلێکراوە لە سەرەتای هەفتەیەی رابردوو دەستگیرکراون و، هەموویان بە تۆمەتی یارمەتیدانی چوونەژوورەوەی نایاسایی، یا نیشتەجێبوونی بیانی لە ناوچەی شینگن دادگایی دەکرێن.
هەروەها پێنج لەو کەسانە بە تۆمەتی ئەندامبوون لە گرووپێکی چەتەگەری دادگایی دەکرێن، کە سزای هەر یەکەیان 10 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا دەسەپێندرێت.