ڕادیۆی سوید دەڵێ، ژمارەی ئەو پەنابەرانەی داوای وەرگرتنی رەگەزنامە دەکەن، کەم کەم بووەتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو مەرجانەی کە لە ڕێکەوتننامەی TEDU دا هاتووە و حکومەتی هاوپەیمانی لەسەر پێکهێنراوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕادیۆی سوید، ئەو کەسانەی مافی پەنابەری کاتییان لە ساڵی 2017 دا پێدراوە، دەبێ لەمساڵدا داوای وەرگرتنی رەگەزنامەی سویدی بکەن، بەڵام ناتوانن داوای هاوڵاتیبوون بکەن، چونکە لە ئێستادا مەرجی پێدانی رەگەزنامە بوونی مافی پەنابەری هەمیشەیییە.
پێشبینی دەکرێت ژمارەی ئەو پەنابەرانەی کە لە ساڵی 2023 بۆ 2024 مافی وەرگرتنی رەگەزنامەیان هەیە، بە ڕێژەی 30 هەزار بۆ 40 هەزار کەم ببێتەوە.
مەرجی نوێی وەرگرتنی رەگەزنامەی سوید، پەیوەستە بە زانینی زمان و هەبوونی کار و هەڵسوکەوتی باش و هەبوونی پەنابەری هەمیشەیی.
لە سوید لە ئێستادا نزیکەی 300،000 کەس مافی پەنابەری هەمیشەیییان هەیە، لە ئەنجامی ئەو پلانانەی حکومەت، زۆربەیان هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی مافی نیشتەجێبوونی هەمیشەیییان لەسەرە، کە بکرێنە کاتی.