پۆلیسی سوید لە بەیاننامەیەکدا هۆشداری لە کوشتنی شەرەف و هاوسەرگیری بە زۆری پەنابەران دەدا، کە لە کاتی پشووی هاویندا زۆرتر ڕوو دەدەن.
پۆلیس لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە فەیسبووک، بڵاویکردووەتەوە و دەڵێت، لە ماوەی پشووەکانی هاویندا، ئەم جۆرە تاوانانە لە نێوان پەنابەراندا زۆرن، هاوکات داوای ئەوەش دەکەن کە پێویستە زانیاری لەسەر هەر تاوانێکی پەیوەندیدار بە هاوسەرگیری منداڵان و هاوسەرگیری بە زۆر و تاوانەکانی پەیوەست بە شەرەفەوە، پێیان بدرێت.
بەگوێرەی پۆلیسی سوید، ژمارەیەکی زۆری منداڵانی پەنابەر، لە مەترسی هاوسەرگیری منداڵان و هاوسەرگیری بە زۆر و شێوەکانی دیکەی توندوتیژی و سەرکوتکردنی پەیوەست بە شەرەفەوە، لە کاتی گەشتەکانیان بۆ دەرەوەی وڵات ئەنجام دەدرێن.
هاوینی ڕابردوو، پەرلەمانی سوید، یاسای دژە چەوسانەوەی شەرەفی پەسەند کرد، کە دەڵێت ڕێگریکردن لە هەرزەکارەکان لە گفتوگۆکردن، چوون بۆ قاوەخانە، یا مەلەکردن لەگەڵ قوتابخانە لەبەر هۆکاری شەرەفی خێزانی، ئەوا بەلایەنی کەمەوە ساڵێک زیندانی بۆ کەسەکە دەردەچێت.
هەروەها یاساکە ئاماژە بەوە دەکات، کە هەرکەسێک لە ڕێگەی سەرکوتکردن، یا زۆردارکردنەوە بە مەبەستی پاراستنی شەرەف، کەسێک، یا خێزانێک، یان خزمێک، یانیش هەر گرووپێکی دیکە، ئەوا بە زیندانیکردن بۆ ماوەی شەش ساڵ سزا دەدرێت.
لە ئامارێکی پۆلیسی سویددا لە مانگی ئازاری 2022 بڵاویکردووەتەوە، ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە، کە نزیکەی هەزار تاوان دژی ژنان لە سوید ڕوویانداوە، ئەمەش بەهۆی پاڵنەری شەرەفەوە بووە.
چەندین لێکۆڵینەوەی سویدی ئەوەیان ئاشکرا کردووە کە زۆربەی ئەو “کوشتنانەی شەرەف”، کە لە سوید ڕوودەدا، پەنابەرن، یا هاوڵاتی سویدین و پێشینەی پەنابەریان هەیە.