پۆلیسی فیدڕاڵی ئەڵمانیا دەڵێت شیکردنەوەیەکیان لەسەر کۆچ ئەنجامداوە و، گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە وڵاتەکە ڕووبەڕووی ژمارەیەکی زۆری پەنابەر دەبێتەوە، کە لە ڕێگەی بیلاڕوس و تورکیاوە دێنە نێو وڵاتەکەوە.
بەگوێرەی شیکردنەوەکە، ئەو دیوارانەی لەسەر سنوورە دەرەکییەکانی یەکێتی ئەوروپا دروستکراون، کاریگەر نین و بوونەتە یەکێ لە بەناوبانگترین ڕێگاکان بۆ کۆچبەران، کە لێوەی دەچنە نێو یەکێتی ئەوروپاوە.
ئامارەکانی پۆلیسی فیدراڵی ئەوەی ئاشکرا کردووە، کە بەس لە مانگی نیساندا، 2427 کۆچبەر تۆمارکراون، کە گەیشتوونەتە ئەڵمانیا.
هەروەها ئەڵمانیا لەوانەیە ڕووبەڕووی زیادبوونی ژمارەی پەنابەران ببێتەوە، بەپێی شیکردنەوەی کۆچبەری پۆلیسی فیدراڵی.
بە بەراورد لەگەڵ هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوودا، ژمارەی ئەو کەسانەی بە نایاسایی دەگەنە سنوورەکانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی شینگن، بە ڕێژەی لە سەدا 60 زیادی کردووە و لە مانگی سێدا گەیشتە 22 هەزار و 500 کەس.
ڕاپۆرتەکە دەڵێت هۆکاری ئەم زیادبوونە لەوانەیە بارودۆخی تورکیا بێت، کە نزیکەی چوار ملیۆن پەنابەری تێدا دەژین.
بەگوێرەی رۆژنامەی بیڵد، زۆربەیان بە ڤیزەی ڕوسیا لە ڕێگەی بیلاڕوس و لەوێشەوە لە ڕێگەی پۆڵەندا و کۆماری چیکەوە دەگەنە ویلایەتی ساکسۆنیای ئەڵمانیا.
لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، نزیکەی 19،627 چوونەژوورەوەی ڕێپێنەدراو لە ئەڵمانیا تۆمارکراوە، کە تەنهی لە مانگی ئازاردا 6،672 لەوانە تۆمارکراون.
بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە لەو ئامارانەی کە لە ڕاپۆرتە نوێیەکەدا بڵاوکراونەتەوە، کە لەلایەن میدیاکانی ئەڵمانیاوە بڵاوکراوەتەوە، لەوانە ماڵپەڕی فۆکۆس، ئەوەیە کە 808 کەس لە ڕێگەی بیلاڕوسەوە هاتوونەتە نێو وڵاتەکەوە، کە زۆربەیان ئەفغانی و سوری و یەمەنی بوون.
پۆلیسی فیدراڵی ئەڵمانیا هۆشداری لە زیادبوونی ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی بە نایاسایی لە بیلاڕوسەوە دێن دەدا، هاوکات لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە دەستگیرکراوەکان لە پۆڵەندا، ئاماژە بەوە دەکات کە لەوانەیە وەرزی “خەوتنی زستانە” کۆتایی پێبێت.
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا، پۆلیسی ئەڵمانیا هۆشداری دەدات لەوەی چاوەڕوان دەکرێت لە هەفتەکانی داهاتوودا ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی کە ڕێگەیان پێنەدراوە لە ڕێگەی بیلاڕوس و پۆڵەنداوە بێنە نێو ئەڵمانیاوە، زیاد ببێت.