کوردێکی دانیشتووی وڵاتی بەریتانیا، لە ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوەدا نزیکەی 30 کەسی ڕزگار کرد و، ئەمەش بووە جێی سەرنجی ڕاگەیاندنەکانی ئەو وڵاتە.
سەروەر مەحموود، کوردێکی دانیشتووی وڵاتی بەریتانیایە، کە بە دەم ڕووداوەکەوە چووە و بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە، کە هەستی بەرپرسیارێتی و مرۆڤایەتی هۆکار بووە، گیانی خۆی بخاتە مەترسییەوە، ئەوەش دوای ئاگاداربوون لە ڕووداوەکە، بە تەنیا بەدەم سەرجەم دانیشتووانی شوێنی ڕووداوەکەوە بچێت.
هەروەها ناوبراو ئاماژەی بەوەشداوە، کە لە ماوەی شەوانی ڕابردوودا لە دووکانێک و چەند شوقەیەکی سەر دووکانێکی شاری ڕێکسامی باکووری وێڵزی بەریتانیا، ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوە ڕووی دا و، بەهۆی ئەوەی درەنگانی شەو بووە، کەس ئاگادار نەبووە، كاتێک هەستی بە بۆن و دووکەڵی ئاگرەکە كردووە، بە دەم ڕووداوەکەوە چووە و، دەستبەجێ خۆی گەیاندۆتە ماڵەکان و بە بانگکردن خەبەری کردوونەتەوە، کە نزیکەی 30 کەسی لەو ڕووداوە ڕزگار کردووە، تێیدا ژن و منداڵ و پیر و گەنجیشی تێدا بووە، دواتریش تیمەکانی فریاگوزاری و ئاگرکوژێنەوە گەیشتوونە شوێنی ڕووداوەکە.
سەروەر مەحموود، کوردێکی دانیشتووی شاری وێڵزی بەریتانیایە و ماوەی 15 ساڵە لەو وڵاتە دەژی و رەگەزنامەی ئەو وڵاتەی هەیە و خاوەن دووکانە، بەهۆی ئەو کارە مرۆڤانەیەوە کە کردوویەتی، بووەتە جێی سەرنجی سەرجەم ڕاگەیاندنەکانی بەریتانیا و زۆربەی ڕاگەیاندنەکانی ئەوروپاش.
ڕۆژنامەی “زە لیدەر”ی وێڵز، هەواڵی ئەو ڕووداوە و ڕزگاركردنی خەڵكەكەی لەلایەن ئەو هاووڵاتییە کوردستانییەوە بڵاو کردووەتەوە و نووسیویەتی: “سەروەر مەحموود ژیانی خۆی خستە مەترسییەوە و ژمارەیەک ژن و منداڵی لەنێو ئاگر و دووکەڵی باڵەخانەکە ڕزگارکرد”.