بەڕێوەبەری دەزگای کۆچی سوید دەڵێ، ئەو بڕە پارەی دەدرێتە ئەو پەنابەرانەی، کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە وڵاتەکانیان، زۆر کەمە و پێویستە زیاد بکرێت.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی سویدی SVT میکایل ریبینفیک وتی: لە ئێستاوە دەستیان کردووە بە کارکردن بۆ هاندانی گەڕانەوەی پەنابەران، ئەوەش لە ڕێگەی هەڵمەتێکی زانیاری، کە شارەوانییەکان و کۆمەڵە سەربەخۆکان بەشداری تێدا دەکەن.
وتیشی زیادکردنی بڕی تەرخانکراو بۆ گەڕانەوە لەوانەیە هەنگاوێکی ئەرێنی بێت، ئاماژەی بە دانیمارک کرد وەک نموونەیەک، کە 200 هەزار کرۆن دەدات بەو پەنابەرەی وڵاتەکە جێدەهێڵێت و دەگەڕێتەوە وڵاتی خۆی.
میکایل ئەوەشی ئاشکرا کرد، کە ساڵی ڕابردوو، تەنیا دوو پەنابەر لە سوید گەڕاونەتەوە و، یەک پەنابەریش وازی لە مافی پەنابەرێتییەکەی هێناوە.
جێی باسە، لە ئێستادا هەر پەنابەرێک داوای گەڕانەوە بکات بۆ وڵاتەکەی، سوید بڕی 10 هەزار کڕۆنی دەداتێ، بەڵام بەڕێوەبەری دەزگای کۆچ، ئەو بڕە پارە بە کەم دەزانێت و بە پێویستی دادەنێ زیاد بکرێت.