جۆهانسن لەسەر کۆچبەران داوایەک لە ئەسینا دەکات

کۆمسیۆنی کاروباری نێوخۆی ئەوروپا، دەڵێ، لەسەر بڵاوبوونەوەی گرتر ڤیدیۆی دەرکردنی کۆچبەران لە دەریای ئیجە، داوای لە بەرپرسانی یۆنان کردووە لێکۆڵینەوەیەکی تەواو و سەربەخۆ ئەنجام بدەن.

ئیڵڤا جۆهانسن ئەوەشی خستۆتەڕوو، کە پێشتر لەگەڵ حکومەتی یۆنان کۆبووەتەوە، ئەوەش بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بەڕێوەبردنی سنوورەکان، هەروەها بە ڕوونی گوتوویەتی، کە نابێ بە نا یاسایی کۆچبەران دەربکرێن.

جۆهانسن لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیویەتی، کە دەیەوێت بە تەواوی و سەربەخۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بکات، هاوکات هۆشداریشی داوە بە ئەسینا، کە کۆمسیۆنی ئەوروپا ئامادەیە، ئەگەر پێویست بکات هەنگاوی فەرمی بنێت.

دەستەڵاتدارانی یۆنان بە بەردەوامی تۆمەتبار دەکرێن بە ناردنەوەی ئەو کۆچبەرانەی داوای مافی پەنابەرێتی دەکەن، ئەمەش کردارێکە بە یاسای نێودەوڵەتی قەدەغەکراوە.

ماوەیەکی زۆرە حکومەتی یۆنان ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە سەرەڕای چەندین جار شایەتی کۆچبەران و ڕاپۆرتی ڕێکخراوە ناحکومییەکان.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوودا، گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە، پاسەوانانی کەناراوەکانی یۆنان، کۆمەڵێک کۆچبەر لە نێو دەریای ئیجە دەردەکەن، کە ژن و منداڵ لە نێو بەلەمێکی بچووکدا بوون، بەڵام دواتر دەستەڵاتدارانی تورکیا کۆچبەرەکانیان ڕزگار کردووە.

جێی باسە، بەگوێرەی یاساکانی ئەوروپا، یەکەم وڵات کە کۆچبەرێک بچێتە ناویەوە، ئەوا بەرپرسیارە لە داواکاری پەنابەرێتی.

ڕەنگە بە دڵت بن