سیاسەتمەدارێک و پەرلەمانتارێکی هۆڵەندی، دەڵێ، بەرزبوونەوەی ژمارەی پەنابەرە موسڵمانەکان لە وڵاتەکیان و نوێژەکانیان لەسەر شەقامەکانی وڵاتەکە، نکۆڵی لە ناسنامەی هۆڵەندا دەکات، هاوکات هەوڵی دەرکردنی پەنابەرە مسوڵمانەکان دەدا.
سەرۆکی پارتی دژە ئیسلام و دژە کۆچبەران، هاوکات پەرلەمانتاری هۆڵەندی، خیرت فیڵدەرز، لە تویتەر گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردۆتەوە، کە تێیدا دەیان موسڵمان لە ناوەوە و دەرەوەی مزگەوتێکی لاهای هۆڵەندا نوێژ دەکەن، نووسیویەتی “ئەمە هۆڵەندایە لە ساڵی 2023، مزگەوتی سوننە لە لاهای، شەقامەکانمان پڕن لە موسڵمان، ئێرە چیتر هۆڵەندا نییە”.
خێرت فیڵدەرز، چەندین ساڵە بە بڵاوکردنەوەی پەیامی کینەیی دژ بە پەنابەرە موسڵمانەکان ناسراوە، هاوکات هەوڵی زۆریشی داوە، کە لە وڵاتەکەی دەربکرێن.
لە ساڵی 2021، لە پلاتفۆرمی هەڵبژاردنی 2021-2025، پارتەکەیی بەڵێنی دامەزراندنی “وەزارەتی پاککردنەوەی ئیسلامی” دا، هەروەها بەڵێنی دا کە ئیسلام وەک “ئایدۆلۆژیایەکی تۆتالیتاری” پێناسە بکات، هاوکات قەدەغەکردنی مزگەوت و قوتابخانە ئیسلامییەکان و ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی بیری ئیسلامی لە ڕێگەی قورئانەوە.
هەروەها پلاتفۆرمی حیزبەکەی جێبەجێکردنی قەدەغەکردنی بەکارهێنانی سەرپۆش بوو لە شوێنە گشتییەکاندا و، ڕاگرتنی داواکارییەکانی پەنابەری و داخستنی ناوەندەکانی پەنابەرانیشی لەخۆ دەگرت.
دوای ئەوەی لە ساڵی 2004ەوە هەڕەشەی کوشتن لە خێرت کرا، لەوکاتەوە ژێر چاودێری پۆلیسدا دەژیت، ناوبراو دژایەتییەکی توندی ئیسلام و کۆچبەران بۆ هۆڵەندا دەکات، هەروەها چالاکانە هەژماری تویتەری خۆی بەکاردەهێنێت بۆ هێرشکردنە سەر ئەو موسڵمان و کۆچبەرانەی کە داوای مافی پەنابەرێتی لە وڵاتەکەی دەکەن.