سەرەڕای پێشگیرییەکانی پۆلیسی پاریس، کوردستانیان و ئێرانییەکانی دانیشتووی وڵاتی فەرەنسا، بە مەبەستی شەرمەزاردکردنی تاوانەکانی ڕژێمی ئێران، خۆپیشاندانێکی هاوبەشیان بەڕێوەبرد.
ڕۆژی سێشەممە، ٢ی جۆزەردانی ٢٧٢٣ (٢٣ی مەیی ٢٠٢٣)، لە کاتێکدا پۆلیسی فەرەنسا ڕێگری لە بەڕێوەچونی خۆپیشاندانی کوردستانیان و ئێرانییەکانی بۆ بەردەم باڵیۆزخانەی ڕژێمی ئیسلامی ئێران لە پاریس کرد، بەڵام چەندین کەس لە کوردستانیان و ئێرانییەکان بە هاوبەشی بەرنامەیەکیان ڕێکخست و، لە نزیک باڵیۆزخانەکە کۆبوونەوە و، خوازیاری کۆتاییهێنان بە تاوانەکانی ڕژێمی ئێران بوون، بەتایبەت لە سێدارەدانی هاوڵاتیان لە کوردستان و ئێران.
ئەم خۆپیشاندانە بە نووسینی دروشمەکانی “بێدەنگ بن، ئێمه خەڵک لە سێدارە دەدەین” و “لە سێدارەدانی خەڵک ڕابگرن”، لەلایەن بەشداربووانەوە، لە مەودایەکی زۆر نزیکی باڵیۆزخانەی ڕژێمی ئێران لە پاریس بەڕێوەچوو، هاوکات خۆپیشاندەران وێنەی شەهید ژینا ئەمینی و، کۆمەڵێک لە لاوانی ناڕازی کوردستانی و ئێرانییان هەڵگرتبوون، کە لەلایەن ڕژێمەوە لەسێدارە دراون، هەروەها داوایان لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی و بەتایبەت یەکێیی ئەوروپا کرد، کە پێش بە سەرەڕۆییەکانی ئەو ڕژێمە بەرانبەر خەڵکی کوردستان و ئێران بگرن.
لەو خۆپیشاندانەدا، کۆمەڵێک کەسایەتی کورد و ئێرانی وتاریان خوێندەوە، هەروەها بەشێک لە بەرپرسانی وڵاتی فەرەنسا، وەک ڤالێری ڕابیۆ، جێگری سەرۆکی پەرلەمان و، مارین تۆندێلیێر نوێنەری پارتی سەوزی ئەو وڵاتە لە پەرلەمان، بەشداریی ئەو خۆپیشاندانەیان کرد.