لێکۆڵینەوەیەکی وەزارەتێکی سوید، دەریخستووە، کە بەشێکی زۆری ئەو منداڵانەی لە خێزانەکانیان دەسەندرێن و دەدرێنە خێزانێکی دیکەی جێگرەوەی وڵاتەکە، تا چاودێری بکرێن، ئازار دەچێژن.
وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی سوید رایگەیاند، ژمارەیەکی زۆر لەو منداڵانەی لە دایک و باوکیان دەسەندرێنەوە، ناچار دەکرێن، کە چەند جارێک لە نێوان خێزانە جێگرەوە جیاوازەکاندا ئاڵوگۆڕیان پێ بکرێن، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی دەروونییان دەبێت.
ئامارەکانی وەزارەتەکە دەریخستووە، کە نزیکەی لە سەدا دەی منداڵان، 10 جار لە کاتی چاودێریکردنیاندا شوێنیان گۆڕدراوە.
حکومەتی سوید ئەمساڵ بودجەیەکی گەورەتری تەرخان کردووە بۆ پاراستنی خێزانە جێگرەوەکان، بەهۆی کەمی لە زۆربەی شارەوانییەکان.
جێی باسە، چەند ساڵێکە دەنگی ناڕازەیەتی چ بە شێوەی خۆپیشاندان، یا لە رێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، پەنابەرانی نیشتەجێی ئەو وڵاتە، ناڕەزایی توندیان دژ بە یاسای لێسەندنەوەی منداڵانیان دەربڕیوە، بەڵام دەستەڵاتدارانی وڵاتەکە بەهیچ شێوەیەک ناچنە ژێر باری داواکارییەکانیان بۆ ئاسانکردنەوەی یاساکە، بەڵکو لە هەوڵی توندکردنەوەشیدان.