دوای بەسەربردنی نزیکەی پێنج ڕۆژ لە دەریادا، تیمەکانی رێکخراوی پزیشکانی بێ سنوور، کە لەسەر کەشتی جیۆ بارێنتس کاردەکەن، دەیان کۆچبەریان ڕزگار کرد، لەنێویاندا 11 ژن و 151 منداڵ هەبوون، دواتر بەرەو بەندەری باری باشووری ئیتالیایان بردن.
ڕێکخراوی پزیشکانی بێ سنوور (MSF)، لە هەژماری تویتەری خۆیان ڕایانگەیاند، 606 کۆچبەریان لەناو کەشتییەکی نێو دەریای ناوەڕاست ڕزگارکردوون، لەنێو کۆچبەرەکاندا 11 ژن و 151 منداڵ هەبوون، هاوکات ئەوەش خراوەتەڕوو، کە کۆچبەرەکان 5 رۆژ لە دەریادا بوون.
ڕێکخراوەکە دەڵێت، بەرپرسانی ئیتالیا ڕێگەیان بە کۆچبەران داوە لە بەندەری باری باشووری وڵاتەکە دابەزن، هەروەها کۆچبەران دەتوانن خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانی وەک خۆراک، ئاو، تەوالێت، جلوبەرگی خاوێن و کەلوپەلی پاکوخاوێنی بەدەست بهێنن.
جێی باسە، لەمساڵدا زیاتر لە 47 هەزار کۆچبەر لە ئیتالیا تۆمارکراون، ئەمەش زیادبوونێکی بەرچاوە بە بەراورد لەگەڵ نزیکەی 18 هەزار کۆچبەر، لە هەمان ماوەی ساڵی 2022 دا.