بژیر کوردستانی بۆ ماڵپەڕی REWEND: مانگرتنەکەم لە پێناو کورد و کوردستانە

چاوپێکەوتنی: کۆمار کوردستانی

ئەو گەنجە کوردەی خەڵکی گوندی “گەلێن”ی سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، بە ناوی ئیسماعیل جەعفەری ناسراو بە “بژیر کوردستانی”، کە وەک ناڕەزاییەک دژ بە پەیماننامەی شوومی ”لۆزان” کە سەد ساڵ لەمەوپێش واژۆ کرا و کوردستانی دابەش کردەوە، لە وڵاتی ئەڵمانیاوە ڕێپێوانێکی تاکەکەسی بەرەو شاری لۆزانی سویسرا دەست پێکرد، ناوبراو چەند ساڵێک ئەندامی ڕێکخستنە نهێنییەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوچەی ژاوەرۆ و شاری سنە بووە و، دواتر بەهۆی ئاشکرابوونی هاتووەتە ڕیزی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان (ڕۆژهەڵات) و، ماوەی ٣ ساڵ پێشمەرگە بووە، پاشان ساڵی ٢٠١٨ی زایینی ڕووی لە وڵاتی ئەڵمانیا کردووە و لەو وڵاتە نیشتەجێ بووە، هەنووکە وەک تاکێکی سەربەخۆ چالاکی سیاسی دەکات، پەیامنێری ماڵپەڕی REWEND، چاوپێکەوتنێکی لەگەڵدا ئەنجام داوە.

REWEND: بیرۆکەی ئەم ڕێپێوانە لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە؟

بژیر کوردستانی: بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە کە بیرۆکەی ئەم ڕێپێوانە لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە، دەتوانم بە کورتی بڵێم لە خۆبوونەوە، واتە ئەو شتەی منی گەیاندە ئەو تێگەیشتنەی کە شتێکی وا بکەم، کورد و هەلومەرجەکەی بوو، چونکە هەرچی سەیری خۆمم ئەکرد، ئەموت؛ ناکرێت من بوونی خۆم و خاک و نیشتمانەکەم لە مەترسیدا بێت و، ئەو هەموو خەبات، بەرخۆدان، تێکۆشان، خوێندان و کارەساتەم بە درێژایی ئەم چەند سەد ساڵە، وەک نەتەوە و چەند دەهە وەک تاک تێپەڕاندووە، بەڵام ئێستا کە لە ئەوروپام و دەتوانم دەنگی خۆم و نەتەوە و نیشتمانەکەم بم، بێدەنگی هەڵبژێرم و، تەنیا ژیانی ئاسایی خۆم لەنێو ئەم سیستەمانەدا هەبێت و، هیچ هەڵوێستێکم نەبێت. بۆیە بیرم لەوە کردەوە، بۆ ئەوەی کە بتوانم هاوڵاتییانی کوردی دانیشتووی وڵاتانی ڕۆژاوایی زیاتر ڕیز بکەم و، هانیان بدەم کە میلیۆنان کەس بێنە سەر شەقامەکان و، دوورخستنەوەی شۆڕشی کوردستانی، لەو شتانەی دوایان کەوتوون و جیایی خستووەتە نێوانمان، باشترین کار ئەوەیە، کە خۆم بەها بدەم و ڕێگەیەک هەڵبژێرم، کە کۆتایییەکەی بگات بە هەڵوەشاندنەوەی پەیماننامەی شوومی لۆزان، کە خاک و وڵات و نیشتمانی ئێمەی کوردی دابەشی سەر چوار دەوڵەتی دەستکردی داگیرکەردا کردووە، گەرەکم بوو هەوڵێک بێت، کە تاکی کورد بخاتەوە بیری خۆی و ڕێگەکەی، کە ڕزگاری کورد و کوردستان و سەربەخۆبوون و، دامەزراندنی دەوڵەتی خۆمانە، هەورەها کوردایەتی لەنێو هاونیشتمانییەکانمان لە تاراوگە، بەو ئاستەی کە پێویستە و چاوەڕوان دەکرێت، زیندوو بکەمەوە.

REWEND:لە کام شاری ئەڵمانیاوە ئەم ڕێپێوانەت دەست پێ کردووە بەرەو شاری لۆزان و ئامانجت لەو کارە چییە؟

بژیر کوردستانی: ئەم ڕێپێوانە ڕاستە لە شاری “بیکنباک”ی وڵاتی ئەڵمانیاوە دەستم پێ کردووە، بەس ئەگەر باشتر لەسەری ورد بینەوە، دەتوانین بەو ئاکامە بگەین کە نەک من، بگرە هەر تاکێک لەسەر ئەو خاکە، کە بە قاچاخ ڕووی کردووەتە تاراوگە و وڵاتانی ڕۆژاوایی، بۆ ئەوە بووە کە ئەو ناحەقی و زوڵم و ستەمە قەبووڵ نەکات، کە بەرانبەرمان کراوە، بۆیە تەنیا پێویستە بگات بەو تێگەیشتنە، کە ئەو دەتوانێت دەنگی خۆی بێت و ئاوا بە ئاسانی پشت لەو ڕاستییە نەکات و، دان نەنێت بەو واقعیەتە تاڵەی کە سەپاوە بەسەرماندا و دەوڵەتەکان دروستیان کردووە بۆمان. ئەم ڕێپێوانەی ئێستا، تا شاری لۆزان بەردەوام ئەبێت و لەوێشەوە دەست ئەدەمە مانگرتن، تاکوو مامەڵەی دەوڵەتەکان لەگەڵم وەک کورد و کوردستانی بێت، ئەو پەیامە ئەگەیەنم کە ژیانی ئێمەی کورد، بەتایبەتی تاکی خۆم، بەبێ کوردستان هیچ مانایەکی نییە و، ئەوەی هەیە ژیان نییە، تەنیا بەناو ژیانە.

 REWEND:کەی کەوتوویتە ڕێ و پێتوایە کەی دەگەیتە شاری لۆزان، هەروەها ئەگەر بگەیتە لۆزان دەتەوێت چی بکەیت؟

بژیر کوردستانی: بۆ ئەوەی کە لە کەیەوە بەڕێ کەوتووم، دەتوانم بڵێم لەو ڕۆژەوە خۆمم ناسیوە لەم ڕێگەم. بۆیە هەر بەردەوامم و لە ڕۆژی ١ی جۆزەردانی ٢٧٢٣ (٢٠ی ئایاری ٢٠٢٣) بەرەو شاری لۆزان بەڕێ کەوتووم، نازانم بە ڕێکوپێکی  کەی دەگەمە ئەوێ و لەوێ ئەبم. بەڵام مەزندە ئەکەم، هەتا ١٤ یان ١٣ی جۆزەردان (٤، یا ٥ی مانگی ٦ی زایینی) لەوێ بم و دەست بە مانگرتنەکە بکەم، هێشتا پلان و بەرنامەی ئەوەشم دانەناوە تا کەی مان بگرم، دەبێت ئامادەکاری بۆ ئەوەش بکەم. بەڵام گرینگە خوێنەری ئەم چاوپێکەوتنە، ئەوە بزانێت کە خۆمم لەمێژە بۆ ئەم ئامانجە پیرۆزە ئامادە کردووە و، ئەگەری هەیە مانگرتنەکە بۆ مردن بێت، بزانم چۆن ئەچێتە پێش و چۆن مامەڵەم لەگەڵ ئەکرێت، ئەوەش لەلایەن هاونیشتمانی و هاونەتەوەکانی خۆم، هەروەها دنیای دەرەوەش.

 REWEND: دەنگدانەوە و ڕەنگدانەوەی ئەو چالاکییەت لە ڕاگەیاندنە ئەوروپی و کوردستانییەکان چۆن بووە؟

بژیر کوردستانی: هەتا ئێستە کە وەڵامی ئێوەی بەڕێز ئەدەمەوە، زۆر بەداخەوە دەنگدانەوی چاوەڕوانکراوی لە میدیاکان نەبووە، بەڵام بەگشتی خۆم لە بنەڕەتدا ویستم کە سەرتا لە تاکەکانەوە دەست پێ بکەم و، تاکەکان ئەرکدار بکەم کە ئەرکە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان بگرنە ئەستۆ، ئەرک بخەنە سەرشانی خۆیان و بە ئاستی پێویست گرینگی پێ بدەن. بەکورتی ئەوە ئێژم؛ ئەگەر ناتوانن لەگەڵم بەڕێ بکەون، لانی کەم لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هاوکار و پاڵپشتم بن، کە ئەویش بەخۆشحاڵییەوە تا ئێستا باش چووەتە پێش و، تازە بە تازە ڕایگەیاندنەکان خەریکن پێشوازیم لێ ئەکەن و ئەیکەن بە هەواڵ. بۆیە زۆر گەشبینم کە بگەم بەو شتەی ئامانجی کارەکەم بووە .

 REWEND: باشە بۆچی بەتەنیا ئەو ڕێگەیەت گرتووەتەبەر، یا بە واتایەکی دیکە چی وای کرد کە بە تەنیا ئەم کارە بکەیت؟

بژیر کوردستانی: لەڕاستیدا بۆ ئەوەی بەتەنیا ئەم کارەم کرد، چونکە باسی تاک ئەکەم و هەر وەکو تاک هەنگاوەکانم هەڵگرتووە. دوای ئەوەش هەوڵمدا و پەیوەندیم بە زۆر کەسەوە کرد، کە بەهۆی ئەوەی لەنێو سیستەمی ئەوروپا ئەژیان و دوور بوون لەو خۆبوونەی، کە پێشتر ئاماژەم پێ کرد، نەیاندەتوانی وەک تاک بڕیار بدەن. بۆیە ئەوە زیاتر وای لێم کرد تا لەسەر ئامانجەکەم سوور بم، چونکە دەزانم ئەمەی من ئەیکەم، دەتوانێت کورد بگەینێتەوە بە خۆی و لەو باوەڕ و ترسانە دوور بکەوێتەوە و ڕزگاری بێت، هاوکات بتوانێت ڕیز بێت لە پێناو خۆیدا .

REWEND: چەند ساڵە لە وڵاتی ئەڵمانیا دەژیت؟

بژیر کوردستانی: لە ساڵی ٢٠١٨ی زایینییەوە ڕووم کردووەتە وڵاتی ئەڵمانیا، بەڵام هەرگیز تێکەڵی سیستمی ئەڵمانیا نەبووم. چونکە ئەوەی ئەوان ئەیانهەوێت، پشتکردنە لە خۆم و خاک و نیشتمانەکەم، تا وەک مرۆڤێک مامەڵەم لەگەڵ بکەن و ئیقامەی کۆمەڵایەتی و مرۆڤانەم پێ بدەن. وا بزانم ئەوان هێشتا نازانن ئەو تاکەی پشت لە ڕاستی و بوونی خۆی ئەکات، ناتوانێت مرۆڤ بێت و، ئەبێتە پڕۆگرامی دەستی ئەوان. بۆیە هەر کوردایەتی خۆمم کردووە و هەوڵم داوە دنیایەکی کوردستانی بنیاد بنێم و پەرەی پێ بدەم، تاکوو جێگرەوەی ئەو دنیا داگیرکەرانەیە بێت، کە سەپاوە بەسەر تاکەکان و هەمووی بەجێگای ئەوەی خۆی پەروەردە کات و، بگات بە کامڵەی کە خەریکە دەق ئەدرێت.

 REWEND: لە کۆتاییدا ئەگەر شتێک ماوە باسی بکەین و لەبیرمان چووە و ئاماژەی پێ نەکراوە؟

بژیر کوردستانی: سوپاس بۆ ئێوەی بەڕێزیش بۆ ئەم چاوپێکەوتنەتان، لە ڕاستیدا ئەمەی من دەستم پێکردووە، تەنیا ڕێپێوانێکی ئاسایی نییە، ئەمە شۆڕشی خۆبوونە، ئەمە گەڕانەوەی تاکە بۆ خۆی، تا خاوەن خۆی و خاک و نیشتمانی بێت، هەروەها بۆ داگیرکەران و کۆمەڵگەی نیودەوڵەتییش دەرکەوێت. دەتوانین ناوی بنێین ساخکردنەوەی تاک لەو داگیرکارییەی، کە ڕووی داوە بەسەریەوە و تێدا تواوەتەوە. گەڕاندەوەی هێزە بۆ تاکی کورد .

ڕەنگە بە دڵت بن