شاندێکی کۆفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە لووتکەی مەراکش بەشدارییان کرد و هاوکات داوا کرا کە لووتکەیەکی هاوشێوە لە پایتەختی هەرێمی کوردستانیش بەڕێوە بچێت.
ڕۆژانی ٦و ٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٣، شاندێکی باڵای کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، بە سەرپەرشتیی ڕەحیم ڕەشیدی (مستەر کورد)، بەشدارییان لە لووتکەی مەراکشدا کرد کە بە هەوڵ و دەستپێشخەریی ڕێکخراوی ئەمریکایی؛ ”بەهێزکردنی مێدیای ژنان”، لووتکەی مەراکش بۆ مافەکانی مرۆڤ و ئازادیی ئایین بەڕێوە چوو و تێدا داوا کرا لووتکەی داهاتوو لە شاری هەولێر، پایتەختی هەرێمی کوردستان بەڕێوە بچێت.
شاندەکەی كۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی كوردستانی، دوایین گۆڕانكارییەكانی كوردستان و ناوچەكەیان بە ئاگاداریی بەشدارانی ئەو لووتكەیە گەیاند و بە شێوەیەکی چڕوپڕ تیشکیان خستەسەر بارودۆخی ئێزیدییەکان و داوایان لە ڕێکخراوە جیهانییەکان کرد، کە یارمەتی بە پەلە پێشکەش بە ئاوارەکانی شنگال بکەن. هاوکات هاوکار و پاڵپشت بن بۆ گەڕانەوەی ئێزدییەکان بۆ زێدی خۆیان کە هەنووکە دەڤەرەکەیان لەلایەن میلیشیاکانەوە داگیرکراوە و داوایان کرد؛ جێنوسایدی ئێزدییەکان و پێکهاتەکانی دیکەی کوردستان بە فەرمیی بناسرێت.
هەروەها شاندەکەی کۆنفدراسیۆن لەگەڵ شاندی دەیان وڵات چاوپێکەوتنی تایبەتیان هەبوو و دوایین پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤیان لە وڵاتەکانی تورکیا، عێراق و ئێران لەقاودا و داوایان لەو شاندانە کرد، سنوورێک بۆ ئەو پێشلکارییانە دابنێن.
لەم پەیوەندییەدا بە بایەخەوە تیشکیان خستەسەر بزووتنەوەی ژینا بە دروشمی سەرەکیی “ژن، ژیان، ئازادی” و لەگەڵ شاندی ئەو وڵاتانە، بە وردی ئاڵوگۆڕی بیروڕایان کرد.
لەلایەکی دیکەوە، نوێنەرانی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، داوایان کرد لە ئەمساڵ یا ساڵانی داهاتوودا، لووتکەیەکی هاوشێوە لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بەڕێوە بچێت، تاکوو هەموو لایەک لە نزیکەوە کولتووری پێکەوەژیانی ئاشتییانەی پێکهاتەکانی کوردستان ببینن.
شایانی باسە کە لووتكەی مەراكش بۆ ساڵی ٢٠٢٣، لەژێر دروشمی “لەگەڵ باوەڕەكانت بژی”، بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بە بەشداریی نوێنەرانی نزیکەی ٢٠ وڵات بەڕێوە چوو، كە تێیدا بابەتەكانی مافی مرۆڤ، ئازادی ئایین و هەوڵدان بۆ بڵاوکردنەوەی کولتووری پێکەوەژیان بە وردی تاووتوێ کرا و لەم پەیوەندییەدا چەند کورتە ڤیدیۆیەکیش نمایش کران.