بەڕیتانیا ڕێژەیەکی بەرزی هەڵئاوسان بەدی دەکات، لە بەرانبەریشدا سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، دەڵێ، کۆچ فاکتەرێکی ئەرێنی دەبێت بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی هەڵئاوسان.
جیتا گۆپیناس، جێگری یەکەمی بەڕێوەبەری سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بە بی بی سی وت: “کۆچ دەتوانێت یارمەتی کەمکردنەوەی ڕێژەی هەڵئاوسانی بەریتانیا بدات، لەگەڵ بەرزبوونەوەی هەڵئاوسان، بەردەستبوونی ئەو کرێکارانەی کە دەتوانن ئەو بۆشاییە پڕ بکەنەوە لە هەندێک لەو کەرتانەی ئەمڕۆ دەیبینین، یارمەتیدەر دەبن بۆ کەمکردنەوەی هەڵئاوسانەکە، بۆچوونی ئێمە ئەوەیە کە سیاسەتی کۆچبەری بە شێوەیەکی گشتی بەگوێرەی بەڵگەکان سوود بە وڵاتەکە دەگەیەنێت”.
لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا هەڵئاوسان لە بەریتانیا هێواشتر لەوەی چاوەڕوان دەکرا دابەزیوە، بەشێکی لەبەر ئەوەی کەرتەکانی وەک میوانداری و کشتوکاڵ کرێی زیاتریان داوە بە کارمەندەکانیان بۆ پڕکردنەوەی شوێنە بەتاڵەکان.
داتای فەرمی کە هەفتەی ڕابردوو بڵاوکرایەوە، دەریدەخات ڕێژەی هەڵئاوسانی ساڵانە لە بەریتانیا لە مانگی نیساندا دابەزیوە بۆ نزمترین ئاست لە ماوەی 13 مانگدا، بەڵام لە بەرزترین ئاستدا ماوەتەوە بە ڕێژەی 8.7٪، لە کاتێکدا بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک دابەزینی تێچوونی وزەی بەرزکردەوە.
ئەم لێدوانانەی گۆپیناس لە کاتێکدا دێت، کە کێشەی کۆچ بووەتە یەکێ لە گرینگترین بابەتەکانی گفتوگۆی سیاسی لە بەریتانیا.
جێی باسە، ژمارەی کۆچبەران لە بەریتانیا لە ساڵی ڕابردوودا گەیشتە 606 هەزار کۆچبەر، ئەمەش فشاری زیاتر دەخاتە سەر حکومەتی پارێزگاران کە بەڵێنی داوە پشتبەستن بە کرێکاری بیانی کەم بکاتەوە.