لە درێژەی کار و چالاکییەکانی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی بۆ پێشخستنی دۆزی کوردستان، ڕەحیم ڕەشیدی بەنوێنەرایەتی کۆنفدراسیۆن لە نزیکەوە چاوی بە سکرتێری گشتی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا گابرێل بێسلێج و، ئەندامانی پەرلەمانی ئەوروپا رۆب رۆوس، چاڕڵی وەیمەرس، گالا کینگاو هێرمان تێرتش دەکەوێت
نوێنەری کۆنفدراسیۆن لەو دیدارانەدا، وێڕای پێشکەشکردنی باسێک لەسەر پێکهاتەی کۆنفدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی، هاوکات بارودۆخی کوردستانی بە گشتیی شیکردەوە، هەروەها دوایین هەلومەرجی ئێران و کوردستانی پاش شۆڕشی ژینا باس کرد، رەشیدی داوای لە ئەندامانی پەرلەمانی ئەوروپا کرد، کە لە پێناو سەقامگیری و گەشەی ئابووری و تێکشکانی تیرۆر، لەسەر پشتیوانیکردنی کوردستان و پێشکەشکردنی هاوکاری بۆ پێشمەرگە بەردەوام بن.
لەلایەکی دیکەوە،ڕەشیدی تیشکی خستەسەر ئەو راستییەی ئەگەر ئەوروپاییەکان چاویان لە سەقامگیری و نەهاتنی لێشاوی پەنابەرانە، ئەوە دەبێ بە جددی دژی کردەوەکانی تاران و ئەنقەرە تێبکۆشن، کە لە ناوچەکەدا ناسەقامگیری ساز دەکەن، بەم هۆیەوە دەبنە هۆکاری ئاوارە و کۆچی هاوڵاتیان لە هەرێمەکەدا.
لای خۆیانەوە بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپا، وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی لە دیدارەکە، پێداگرییان لەسەر پەرەپێدان بە دیدار و چاوپێکەوتنەکان بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا کردەوە.
شیاوی باسە، لەسەر داوای نوێنەری کۆنفدراسیۆن ، بڕیاردرا لەمساڵدا کۆنفراسنێکی نێونەتەوەیی لەسەر پرسی کوردستان و سەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا بە هاوکاری کۆنفدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی ساز بکرێت، لە بەرانبەریشدا ئەندامانی پەرلەمانی ئەوروپا، وێڕای پێشوازی لەو پێشنیارە ، بەڵێنیاندا بە هەموو توانایەکیانەوە بۆ ئەنجامدانی ئەو کۆنفرانسە لەسەر کوردستان، لە پەرلەمانی ئەوروپا تێبکۆشن.