شەپۆلی کۆچکردن لە کوردستان و ئێران ، قوتابیان و منداڵانیشی گرتووەتەوە

سەرەڕای شەپۆلی کۆچکردنی بە لێشاوی خەڵکی، بە تایبەت خوێندکارانی زانکۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، بەرەو هەندەران، ئەو شەپۆلە قوتابییان و منداڵانیشی گرتەوە.

دوێنێ چوارشەممە، رێککەوتی ٧ی٦ی٢٠٢٣، ڕۆژنامەی “ئێعتماد”ی ڕژێمی ئێران، لە ڕاپۆرتێکدا، هەواڵی هاتنەخوارەوەی تەمەنی کۆچکردنی لە ئێران بە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشەوە پشتڕاست کردەوە و نووسیویەتی؛ “سەرەڕای ئەوەی کە ئامارێکی فەرمیی لەسەر کۆچی قوتابییان لەبەردەستدا نییە، بەڵام ئاماری ڕێکخراوی کۆچبەران بۆ منداڵان، باس لەوە دەکات کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، زۆربەی قوتابییان و منداڵان خۆیان بۆ کۆچکردن ئامادە کردووە”.

هەورەها ئەو ڕۆژنامەیە لەو ڕاپۆرتەدا نووسیویەتی: “کەیسی کۆچکردن، تەنانەت بۆ قوتابییان، یەک لە دوای یەک لە ڕێکخراوی کۆچبەران و پەناخوازان لە وڵاتانی دەرەوە دەکرێتەوە و، ئەگەر منداڵەکە پارەی هەبێت و ئەو کەسەی لێکۆڵینەوەی لێ دەکات منداڵەکە ڕەت نەکاتەوە، بە خێراترین کات لە وڵاتانی بیانی وەردەگیردرێت”.

محەممەدڕەزا نیکنژاد، یەکێ لە مامۆستایانی بە ئەزموون، لەم پەیوەندییەدا بە ڕۆژنامەی ئێعتمادی وتووە، یەکێک لە سەرەکیترین هۆکاری کۆچکردنی قوتابییان بۆ وڵاتانی دەرەوە، بێهیوایییە و، هیوایان بە دواڕۆژی خۆیان نییە، بۆیە ناچار دەبن کۆچ بکەن.

شایانی باسە، ساڵانە ڕێژەیەکی زۆر لە خوێندکارانی زانکۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، کە زۆربەیان خوێندکارانی بلیمەتن، بەهۆی بارودۆخێک کە لە ئێران هاتووەتە ئاراوە و کوردستانیشی گرتووەتەوە، بە ناچاری کۆچ دەکەن و ڕوو دەکەنە وڵاتانی ڕۆژئاوایی، هەندێکیان لەوێ درێژە بە خوێندنەکەیان دەدەن و، کۆمەڵێکیشیان دۆخی کۆچبەری بەسەریاندا زاڵ دەبێت و ناچار دەبن واز لە خوێندن بهێنن

ڕەنگە بە دڵت بن