پرسی چاکسازی و ڕێککارە نوێیەکانی یەکێتی ئەوروپا بەرانبەر کۆچبەران

وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، لەسەر پێداچوونەوە و گۆڕانکاری لەسەر چۆنییەتی پێشوازی کۆچبەران، ڕێککەوتن، بەڵام چەند خاڵێکی ناکۆک ماون و هێشتا بڕیاریان لەسەر نەداون.

ڕۆژی پێنجشەممە، وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، لەسەر ئاستی وەزیرانی ناوخۆ، سەبارەت بە پێداچوونەوە و گۆڕانکاری لەسەر شێوازی پێشوازیکردنی کۆچبەران، گەیشتنە ڕێککەوتنێک، ئەوەش دوای ڕازیبوونی وڵاتانی ئیتالیا و یۆنان لەسەر هەموارکردنەکە.

یەکێتی ئەوروپا، ئاماژە بە هاودەنگی وڵاتانی ئەوروپا لە ڕووی وەرگرتنی کۆچبەران و، خێراکردن لە جێبەجێکردنی داواکاری پەنابەری کۆچبەران لەسەر سنوورەکانی یەکێتی ئەوروپا، کە رێگاخۆشکەر دەبێت بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەوروپا، وا بڕیارە لە حوزەیرانی ساڵی 2024 بەڕێوەبچێت.

لەبارەی ڕێککەوتنەکەوە نانسی ڤیزەر وەزیر ناخۆی ئەڵمانیا ڕایگەیاند، ئەوانە بڕیارێکی ئاسان نیین، هەموو ئەوانەی لێرە کۆبووینەتەوە، بڕیارێکی مێژووی دەدەین.

هەروەها یڵڤا جۆهانسۆن بەرپرسی کاروباری ناوخۆی کۆمسیۆنی پەنەباران، پێشوازی لە ڕێککەوتنەکە کرد و، بە هانگاوێکی زۆر گرینگی بۆ پەنابەران و کۆچبەران ناو برد، کە لەلایەن کۆمسیۆنی ئەوروپای پەنابەرانەوە لە ئەیلولی ساڵی 2020 پێشکەشکراوە.

سەرەتای گەڵاڵەکردنی پەیمانەکە، 10 وڵات دژایەتی ئەو پێشنیارەیان کرد، لەوانە یۆنان و ئیتالیا و، وڵاتانی سەر دەریای ناوەڕاست و هاوسنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا، بەڵام دوای گفتوگۆ و ڕاوێژێکی زۆر، تەنیا وڵاتانی پۆڵەندا و هەنگاریا دژ بە یاساکە دەنگیان دا، هەریەکە لە وڵاتانی بوڵگاریا، ماڵتا، لیتوانیا و سلۆڤاکیا دەنگیان نەدا.

پرسی چاکسازی لە سیستمی پەنابەریدا، سەرلەنوێ لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی کۆچبەران بۆ یەکێتی ئەوروپا، لە دوای کۆتایی هاتنی پەتای کۆرۆنا سەریهەڵدایەوە، هەروەها دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی داگیرکاری ڕوسیا دژی ئۆکرانیا، بووە هۆی ئەوەی چوار ملیۆن ئۆکراینی پەنا بۆ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا ببەن، ڕەوتێک هەیە بەرەو سیاسەتی کۆچبەری و سنووردارکردنی، ئاماژە بەوە دەکرێت، کە لەم دواییانەدا و لە هەڵبژاردنەکانی زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپادا توندڕەوە راستڕەوەکان دەنگی زۆرینەیان بەدەستهێناوە.

یەکێ لەو دوو دەقەی کە وەزیرەکان پەسەندیان کردووە، ئاماژە بە هاودەنگییەکی ناچاری ئەوروپا دەکات، کە وڵاتانی ئەندام پابەند دەکات بە وەرگرتنی ژمارەیەکی دیاریکراو لە پەناخوازان کاتێ دەگەنە وڵاتێکی یەکێتی ئەوروپا، کە فشاری کۆچبەری لەسەرە.

دەقەکەی دیکە کە لەلایەن وەزیرەکانەوە پشتڕاستکراوەتەوە، داوا لە وڵاتانی ئەندام دەکات ڕێککارێکی خێرا بۆ پێداچوونەوە بە داواکاری پەنابەری بۆ هەندێک کۆچبەر بگرنەبەر، کە بە ڕوونی شایستەی ئەو جۆرە پاراستنە نین، چونکە لە وڵاتێکەوە هاتوون کە بە سەلامەت دادەنرێت، ئەمەش ئامانجی ئاسانکاری دیپۆرتکردنەوەیانە بۆ وڵاتەکانیان.

جێی ئاماژەیە، وڵاتی سوید کە لە ئێستادا سەرۆکایەتی کۆبوونەوەکەی دەکرد، ڕایگەیاند، لە کۆتاییدا، دوای ڕۆژێکی درێژ لە گفتوگۆیەکی زۆر لە نێوان وەزیرانی ناوخۆی یەکێتی ئەوروپا لە لۆکسمبۆرگ، گەیشتنە ئەنجامێک و ڕێککەوتن.

لە ماڵپەڕی دی ڤی وەرگیراوە

سۆران حەسەن

ڕەنگە بە دڵت بن