حکومەتی سوید پلانی هەیە بڕی ئەو یارمەتییە کۆمەڵایەتیانەی، کە بە بێکاران دەدرێت، بە تایبەتی پەنابەران، کەم بکاتەوە.
سەرۆکوەزیرانی سوید ئۆڵف کریستەرسۆن، لەگەڵ سەرۆکی حیزبە بەشدارەکانی حکومەت و، وەزیری دارایی سوید، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا، ڕایانگەیاند، ئەو پەنابەرانەی پشت بە یارمەتی مانگانەی جۆراوجۆر دەبەستن، وەک یارمەتی نیشتەجێبوون، یارمەتی منداڵان، بەخشینی منداڵ و هتد، کەم دەکرێتەوە.
کریستەرسۆن وتی: “سیستمی کۆمەککردنی سوید وای لە زۆر کەس کردووە، کە بیر لە گەڕان بەدوای کاردا نەکەنەوە، یا نە بچنە بازاڕی کار، بۆیە حکومەت بڕیاریدا لێکۆڵەرێک دابنێت بۆ پەرەپێدانی مۆدێلێک، ئەوەش بۆ کەمکردنەوەی ئاستی هاوکاری گشتی، کە خێزانێک دەتوانێت وەریبگرێت، ئامانج لەوەش بەشداریکردنی خەڵکی زیاترە لە کاردا”.
سەرۆک وەزیرانی سوید ئەوەشی خستەڕوو، کە هەندێ خێزان یارمەتی دارایی جیاواز لە یەکتر کۆ دەکەنەوە و، ئەو یارمەتییە داراییانەی وەریاندەگرن، بە خێرایی ئەوەندە بەرز دەبێتەوە، کە ڕەتی دەکەنەوە بە شێوەیەکی ئاسایی کار بکەن.
وەزیری دارایی سوید ئێلیزابێس سڤانتسۆن وتی: “خێزانێک کە شەش منداڵیان لە سوید هەیە و، دایک و باوکەکانیان کار ناکەن، لە ئێستادا مانگانە بڕی 38،130 کڕۆن (نزیکەی 3،275 یۆرۆ) وەردەگرن”.
هەروەها دەشڵێ: “بۆچی بیر لە کارکردن بکەنەوە، کاتێ بڕێکی زۆر و ئاسوودەی یارمەتییان دەدرێتێ”؟
لەلایەکی دیکەوە، وتەبێژی سیاسەتی ئابووری پارتی چەپ، ڕاگەیەندراوەکەی حکومەتی بۆ کەمکردنەوەی یارمەتی کۆمەڵایەتی رەتکردەوە، ئەوەش بە هۆی بەرزی نرخەکان لە وڵاتەکەدا.