کوردستانییانی دانیشتووی چەند ناوچەیەکی وڵاتانی ئەڵمانیا و سوید، بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی ژینا و ژن، ژیان، ئازادی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد.
ڕۆژی ڕابردوو، ٢٠ی جۆزەردانی ٢٧٢٣ (١٠ی سوزەیرانی ٢٠٢٣)، کوردستانییانی دانیشتووی شارەكانی هامبۆرگ و کۆڵن لە ئەڵمانیا و ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید، چەندین خۆپیشاندانیان بۆ پشتیوانیكردنی شۆڕشی ژینا و “ژن، ژیان، ئازادی” لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئیدانە و شەرمەزارکردنی تاوانە دڕندانەکانی ڕێژیمی داگیرکەری ئێران و لەسێدارەدانی ئازادیخوازانی کوردستان لەلایەن ئەو ڕێژیمەوە بەڕێوە برد.
خۆپیشاندانەكان بە سروودی نەتەویی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەكێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی کورد و كوردستان و بەتایبەت شەهیدانی شۆڕشی ژینا دەستی پێ كرد.
ئەو خۆپیشاندانە لەژێر دروشمی سەرەکیی “ژن، ژیان، ئازادی” و لەلایەن کۆمەڵێک ڕێکخراوی کوردستانییەوە ڕێک خرابوو و چەند پەیامێک لە خۆپیشاندانەکاندا خوێندراویەوە و دواتر خۆپیشاندەرام دروشمەکانی؛ “مەرگ و نەمان بۆ دیکتاتۆر”، “تا کوردێک بمێنێت، کوردستانیش ئەمێنێت”، “خوێنی شەهید بەفیڕۆ ناچێت” و چەند دروشمێکی دیکەیان وتەوە.