نوێنەری کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، لەگەڵ چەند بەرپرسێکی حکومی، پێشوازی لە وەزیری نێوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، کە بە سەردانێک گەیشتۆتە ئەمەریکا.
دوێنێ یەکشەممە، ڕێککەوتى ١١/٦/٢٠٢٣، رەحیم رەشیدی، نوێنەری كۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی كوردستانی لە ئەمەریكا و كەنەدا، لەگەڵ بەیان سامى عبدولڕەحمان، نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمەریکا و، ستافی نوێنەرایەتی و، حیكمەت بامەڕنی بەرپرسی لقی ٧ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەمەریكا و كەنەدا، د. سلوان سنجاری بەڕێوەبەڕی گشتیی كاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە واشنگتن، پێشوازییان کاک ڕێبەر ئەحمەد، وەزیرى نێوخۆی حکومەتى هەرێمى کوردستان كرد.
وەزیری نێوخۆی هەرێمی کوردستانی، بەرنامەیەکى فراوانى دیدار و کۆبوونەوەى لەگەڵ بەرپرسانى ئیدارەى ئەمەریکى هەیە، کە لە نێوانیاندا وەزارەتەكانی دەرەوە، بەرگرى، خەزێنەداری، کۆشکى سپى، هەروەها ئەندامانى کۆنگرێسى ئەمەریکا و دامەزراوەکانى دیکە.
جێی باسە، لە ڕێککەوتى ١٤ى مانگیشدا، وەزیری نێوخۆی هەرێمی كوردستان، لە پەیمانگاى ئاشتى ئەمەریکى، وتارێك لە سەر دوایین بەرەوپێشچوونەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان لە ڕووى سیاسى، ئاسایش و مرۆیی پێشکەش دەکات.