پەنابەران لە ترسا منداڵەکانیان نانێرنە باخچەی ساوایان

پەنابەران لەبەر نەبوونی متمانەیان بە دەستەڵاتدارانی سوید منداڵەکانیان نانێرنە باخچەی ساوایان، هاوکات یاسای نوێی وڵاتەکەش شارەوانییەکان ناچار دەکات، هەموو ئەو منداڵانەی تەمەنیان لە نێوان 3 بۆ 5 ساڵیدایە، بخەنە باخچەی ساوایان.

بە گوێرەی راپۆرتە هەواڵێکی تەلەفزیۆنی سوید، کە ئەمڕۆ بڵاوکرایەوە، نزیکەی 800 منداڵ لە یۆتۆبۆری، کە تەمەنیان لە نێوان 3 بۆ 5 ساڵیدایە، بە هۆی ترس و بێ متمانەیی دایک و باوکانیان لە دەستەڵاتدارانی سوید، نانێردرێنە باخچەی ساوایان.

نادیا پەنابەرە و دایکی دوو منداڵە، بە پەیامنێری تەلەفزیۆنەکەی راگەیاندووە، لەوکاتەوەی گەیشتۆتە سوید، دەترسێ منداڵەکانی لێ بسەندرێتەوە. ئەو کاتێ لە ئەفغانستانەوە رۆشتۆتە سوید، دووگیان بووە و، هیچ شتێکی دەربارەی باخچەی ساوایانی ئەو وڵاتە نەزانیوە، بەڵام بەهۆی دەنگۆی لێسەندنەوەی منداڵان، ترساوە لەوەی منداڵەکانی بنێرێتە باخچەی ساوایان.

پسپۆڕان پێیانوایە، یەکێ لە هۆکارە گرینگەکانی ئەوەی کە دایک و باوکی ئەو منداڵانەی تازە هاتوونەتە سوید، منداڵەکانیان نەنێرن بۆ باخچەی ساوایان، نەبوونی متمانەیە بە دەستەڵاتدارانی وڵاتەکە، بە تایبەتی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، جگە لە نیگەرانی دایک و باوکان لەوەی منداڵەکانیان فێری زمانی دایکیان نابن.

وەرگێڕی ڕۆشنبیری ناسو حەبیب دەڵێ: “ئێمە بانگهێشتی دایک و باوک و ستافی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکانە بۆ کۆبوونەوەکان دەکەین، سەرەتا دایک و باوک زۆر دەترسێن، پاشان کاتێک دێن و قسە دەکەن هێمنتر دەبن.”

لە سەرەتای مانگی حەوتەوە، یاسای نوێی پەروەردەی سوید جێبەجێ دەکرێت، شارەوانییەکان ناچارن چالاکانە کاربکەن بۆ گەیشتن بەو منداڵانەی تەمەنیان لە نێوان سێ بۆ پێنج ساڵدایە و ناچنە باخچەی ساوایان، هەروەها دابینکردنی شوێنی پێش قوتابخانە بۆ منداڵانی پەنابەر، ئەوەش بە ئامانجی پەرەپێدانی زمانی سویدی لە نێویاندا.

ڕەنگە بە دڵت بن