ئاشتی گەرمیانی .. هۆڵەندا
شێوەکاری کورد نورەدین جاف کەسایەتیەکی کوردی ڕەسەنی شاری کەرکوك ، بەتایبەتی گەڕەکی ئازادی .. ئەو جێگەو مەنزڵگەیەی کە منیش ساڵانێکی دوور تەمەنم تێدا بەسەر بردوە ، کەلەگەڵ هەموو ڕووداوەکاندا بوین لە ساڵانی هەشتاکان و دواتر نەوەتەکاندا ..بەڵام ئیدی بەهۆی کارەساتە چاوەڕوان کراوەکانەوە هەریەکەو بەلایەك و بەرەو کیشوەر و جێگایەك کۆچمان کرد ، ئەوەی کە ئەمڕۆ کۆمانی کردەوە ئازارەکانی کەرکوك و کوردستانە .. یان ئەو چەمکە ڕۆشنبیری و هونەری یەیە کە زمان حاڵی یەکترین .
هونەرمەند نورەدین جاف لەدایك بوی ساڵی ١٩٦٠ شاری کەرکوكە وە قۆناغەکانی خوێندنی لەو شارە تەواو کردوە ، دواتر بەهۆی ئەوەی کە لە نەتەوەی کوردە ڕاگوێزراوەتەوە بۆ دەرەوەی شاری کەرکوك ، بەڵام لەهەموو قۆناغەکاندا ئەزموون و گرنگی بە هونەرەکەی داوە وە توانوێتی شارەزایەك و تاقی کردنەوەی گرنگ لەو هونەری شێوەکاری بەدەست بهێنێت و وورد بێتەوە لە نێو توێژینەوەو کاری پراکتیکی شێوەکاری ، هەر لەو بوارەدا بەشداریەکی بەرچاوی هەبوە لە چالاکی هونەری شێوەکاری لە شارەکانی کوردستاندا ،ساڵی١٩٩٢پێشانگایەکی هونەری شێوەکاری بۆ پۆستەری سیاسی کردەوە لەسلێمانی وە بەشدار بوە لە زۆربەی پێشانگا گشتی یەکانی هونەرمەندانی کەرکوك و کوردستان ، وە پەیوەندیەکی پتەوی هەبوە لەگەڵ هونەرمەندانی کەرکوك وە سەرجەم هونەرمەندانی کوردستان .
من دەمەوێت دیدەو چاوێك لە کارو ئەزموونەکانی هونەرمەند نورەدین جاف بگرم بەوەی کە تاچەند توانیوێتی تێکەڵی جیهانی ئەو قوتابخانە هونەریانە بێت وە تاچەند لە نزیکەوە مامەڵەی لەگەڵ جیهانی هونەری ئابستراكت کردوە ، لێرەدا چەند پرسیارێك لە خودی خۆمان دێتە پێشەوە کە بۆچی هونەری ئابستراكت وە سەرچاوەی ئەو بیرکردنەوەیە لە کوێ وە هاتووە! ئەوی چۆن هونەرمەندی شێوەکار نورەدین جاف مامەڵەی لەگەڵ ئەم بابەتەدا کردوە ، ئایا هونەری ئابستراك هەموو حەزو بیرو هزرو فۆرمەکانی لە چوارچێوە هونەریەکەیدا چارەسەر کردوە ، ئایا کۆنتراس و ڕەونەقی هونەری چ ڕۆڵێکی بینیوە لە بەرجەستەیی دا !
ھونەری ئەبستراکت یان ھونەری ڕووتەکاری یان ھونەری داڕندراو بە ھونەرێک دەوترێت کە لەو ھونەرەدا ھیچ ڕواڵەت و وێنەی سروشتی لە دونیادا شیاوی ناسین نییە و تەنیا لە ڕەنگ و شێوەگەلی میناکی و نا سروشتی بۆ شرۆڤەی واتاکانی خۆی کەڵک وەردەگرێت، ئەم چەمکە بەشێوەیەکی ئاسایی لە بەرانبەر ھونەری فیگۆراتیڤدا بەکار دێت و لە واتایەکی بەربڵاودا دەکرێ بە ھەر شێوە ھونەرێک پێوەندی بدرێت کە پێشھاتەکان و شتگەلی شیاوی ناسین شرۆڤە ناکەن، بەڵام بەگشتی بەو تاقمە لە دەسکردە ھونەرییەکانی مۆدێرن دەوترێت کە لە ھەر شێوە کەڵکوەرگرتن لە سروشت یان لاساییکردنەوەی سروشتەوە ، بەو واتا ئاساییەی کە لە ھونەری ئەورووپیدا ھەیە .
سەبارەت بەهونەری ئەبستراکت شێوەکاری کورد نورەدین جاف دەڵێت :
ئەبستراکت هونەرێکی هەستیارەکەتوانای دروستکردنی دۆخیکی دیالۆگی هەیە، ئەبستراکت هونەرێکە کەجووڵەی دەربڕینی ناڕاستەوخۆ دەگرێتەبەر وهەوڵنادات نوێنەرایەتی وێناکردنی وورد وڕاستەوخۆی واقیعی بینراوو بکات بەڵکوو لەبری ئەوە شێوەو ڕەنگ وئاماژە ونیشانە هێما بەکاردەهێنێت هونەرمەندی ئەبستراکت سەیری توخمە هونەرییە بابەتییەکان دەکات وتەکنیکە ئەبستراکتەکان لەهونەرەکەیدا بەکاردەهێنیت بۆ گەڕان بەدوای بیرۆکەی خەیاڵیدا کەواقیعی فیزیکی تێدەپەڕێنێت ئەبستراکت کراوەو بێ سنوورە .
بێگومان ئەو بیرو هزرە تێکەڵ و پێکەڵەی کە هونەرمەند دەتوانێت شی بکاتەوە وە بە یەکێك لە قوتابخانە هونەریەکانی شێوەکاری دەرببڕێت ئەو شێوازەیە کە هونەرمەند دەست نیشانی کردوە ، وە لە ڕێگای ئەو قوتبخانەو ڕێبازەوە هەرچی فۆرم و بیرۆکە هەیە شیتەڵی کردۆتە لە دابەش بوونی یەکە هونەریەکان بەتایبەتی پەنا بردن بۆ پانتایەکی ڕەنگ یان بۆ هێڵ و هێماکان وە یان دەست نیشانکردنی کۆتەڵە فۆرمەکان وە لەو دیوی ڕەنگەکانیشەوە هەندێك نهێنی هەست و سۆزی هونەری هەیە لە بیری هونەرمەندا بە شێوەیەکی تایبەتی ڕەنگ دەداتەوە ، لەگەڵ ئەوەی شێوەی دابەش بوونی ڕوو تەختەییەکان هارمۆنیاو ڕەونەق وجوانی دەبەخشێت .. ئەم وورد کردنەوەیە بەشێکە لەکارە هونەریەکانی هونەرمەند بەتایبەتی لەو تابلۆیانەیەدا کەلە هەرلایەکەوە بە ئابستراکت دەناسرێت .
وە نەبێت هونەرمەند نورەدین تەنها لەو قوتابخانەیەدا کاری کردبێت یان بەرهەمی هونەری هەبێت بەڵکو لە ڕیالیستی دەربڕین خوازیشدا کۆمەڵە کارێکی هونەری ئەنجام داوە وە لە ڕێگای ئەو قوتابخانەیەوە ئازارو مەینەتی میللەتەکەی خستۆتە ڕوو بەتایبەتی ئێمەی میللەتی کورد وە تایبەتی شاری کەرکوك لە زوڵم و زۆرداری و دەربەدەر کردن وستەمی دەسەڵاتەکان و کورد بە گشتی ، ئەمانە بیرۆکەی زیندوون لەنێو کارە هونەریەکانی هونەرمەندا وە بابەتی جینوسائدی میللەتی کورد هەموو ئەمانە ڕەنگدانەوەیەکی بەرچاوی هەیە لە کارە هونەریەکانیدا ، لە سەر کەڤاڵی پێوانە جیاوازو هێڵکاری وە بە ڕەنگی ڕۆنی و ئەکریلیك یان کەرەستە جۆراو جۆر ئەو کارانەی لە مەودای ساڵەکاندا وە بەردەوامیش ئەنجامیانی داوە .
ڕەنگە بە دڵت بن