کاربەدەستانی یۆنان دەستگیرکردنی چەند کەسێکیان ڕاگەیاند، کە گومانیان لێدەکرێت قاچاخچی بن، ئەوەش دوای ئەوە هات کە دەیان کۆچبەر لە چەند رۆژی رابردوودا بەهۆی نقومبوونی بەلەمەکەیانەوە گیانیان لە دەستدا.
بەگوێرەی سەرچاوە ئەمنییەکانی یۆنان، دوێنێ هەینی، 9 کەسی خەڵکی میسر دەستگیرکراون، کە لە نێویاندا کاپتنی ئەو بەلەمە هەیە، پاش نیوەڕۆی سێشەممەی ڕابردوو نوقم بوو و بووە هۆی گیان لەدەستدانی 78 کۆچبەر و دیار نەمانی چەندانی دیکە.
بەگوێرەی خەمڵاندنە نێودەوڵەتییەکان، ئەو بەلەمەی نقومبووە، لە نێوان 700 بۆ 750 کۆچبەری تێدابووە، بەلایەنی کەمەوە 40 منداڵ هەبوون، ئەمەش لەسەر بنەمای چاوپێکەوتن لەگەڵ ڕزگاربووانی کارەساتەکەیە.
جێی باسە، زۆربەی سەرنشینەکانی ناو بەلەمەکە، خەڵکی سوریا و میسر و پاکستان بوون.