سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بەنیازە ڕێککەوتنێکی هاوبەش لەگەڵ ئیتاڵیا واژۆ بکات، ئەوەش بۆ ڕاگرتنی لێشاوی کۆچبەران لە دەریای ناوەڕاستدا و گەڕاندنەوەیان بۆ باکووری ئەفریقا.
بەگوێرەی رۆژنامەی تەلەگراف، ڕیشی سۆناک لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیراندا، وەزیری کابینە و سەرۆکی خزمەتگوزاری مەدەنی سیمۆن کەیسی ناردووە بۆ ئیتاڵیا و، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەتی وڵاتەکەدا بۆ کارکردن لەسەر ڕێککەوتنێکی رێگریکردن لە کۆچبەران کۆبوونەتەوە.
ڕۆژنامەکە لە زاری سەرچاوەیەکی حکومییەوە دەڵێ، ئەگەر بیانەوێت لە چارەسەرکردنی کێشەی کۆچبەری نایاسایی سەرکەوتوو بن، ئەوا دەبێت لە سەرچاوەکەوە مامەڵە لەگەڵ کێشەکەدا بکەن، هەروەها تیشک بخەنە سەر بەلەمە بچووکەکان.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکانی بەریتانیا، ڕێژەیەکی زۆری کۆچبەران، لە دەریای ناوەڕاست بەرەو ئیتاڵیا گەشت بۆ باکووری فەڕەنسا دەکەن و، پاشان بە بەلەم لە کەناڵی ئینگلیزیدا دەڕۆنە بەریتانیا.
جێی باسە، وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا 31ی مانگی 5، نزیکەی 7600 کۆچبەری تۆمار کردووە.