لێکۆڵەرێکی کوردی خەڵکی شاری دیواندەرە، خەڵاتی ناوەندی زانیاری و تەکنەلۆژی ئەمەریکای بە دەستهێنا.
دکتۆر “مەهدی رەحمانی”، خەڵکی گوندی “گادمە”ی شاری دیواندەرەی سەر بە پارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لێکۆڵەری پاش دکتۆرا و ئەندامی ئەنجومەنی بژاردەکانی ئێران، خەڵاتی ناوەندی زانیاری و تەکنەلۆژی ساڵی ٢٠٢٣ی ئەمەریکای بە دەستهێنا.
لەم خولەی ئەو خەڵاتەدا، ١٠ کەسی بژاردە و بلیمەتی وڵاتانی جیاوازی جیهان هەڵبژێردران و بەشداری ئەو بە دەستهێنانەی خەڵاتە بوون، بەڵام د. مەهدی ڕەحمانی، بژاردەی کورد، خەڵاتەکەی بە دەستهێنا.
ئەم ناوەندە نزیکەی ٨٠ ساڵە دامەزراوە و بە هاوکاری ناوەندەکانی OCLC و ALA لە بواری زانیاری و تەکنەلۆژییەوە چالاکی دەکات. ئامانجی چالاکییەکانی ئەم ناوەندە، چارەسەرکردنی بۆشایییەکانی بواری زانیاریی پێویست لە نێوان پیشە و توێژینەوە (بۆچوون و پراکتیک)دایە.
هەوڵی هەزاران توێژەر، مامۆستای زانکۆ، پزیشک و خوێندکار لە سەرانسەری جیهان و لە بواری زانست و تەکنەلۆژیدا، بووەتە هۆکاری ئەوەی کە ئەم ناوەندە ببێتە بەشێکی گرینگی گەشەپێدانی ئەم زانستە و زانیاریی پێویستی ئەو بوارە پەرە پێ بدات.