کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، بە بۆنەی ٣٤ ساڵەی تیرۆرکردنی شەهید دکتۆر قاسملوو و هاوڕێکانی پەیامێکی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە، لەم یادە خەمناکەدا، وێڕای ناردنی سڵاو و ڕێز بۆ گیانی پاقژی دکتۆر قاسملووی زانا و سەرجەم شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاریی کوردستان، هاوکات پشتیوانی و بەشداریی چڕوپڕی خۆیان لە هەموو ئەو کۆڕ و سیمینار و ڕێپێوانانە دەردەبڕن کە لە دەرەوەی وڵات بۆ بەرزڕاگرتنی یاد و بیرەوەری شەهیدانی ڤییەننا دێتە گۆڕێ.
دەقی پەیامەکە:
پەیامی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی بە بۆنەی ٣٤ ساڵەی تیرۆرکردنی د. قاسملوو و هاوڕێکانی
ئەمڕۆ ٣٤ ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی د. قاسملوو و هاوڕێکانی لە شاری ڤییەنای پایتەختی وڵاتی نەمسا تێپەڕدەبێت.
وەک ئاشکرایە، تیرۆرکردنی د. قاسملوو و هاوڕێکانی، نەک نەیتوانی پرسی کورد لە ناوچەکە بە گشتی و، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە تایبەتی بتوێنێتەوە، بەڵکوو هەنووکە لە هەموو کات پتر خوێنی بە ناحەق ڕژاوی شەهید د. قاسملوو و هاوڕێکانی بووەتە ڕێڕەوی خەباتی نەپساوەی خەڵکی کوردستان بۆ بە دیهێنانی ئاشتی، ئازادی، دیموکراسی و مافە بنەڕەتییەکانی کورد.
هەر لەم یادە تاڵەدا، یادی دوایین و نوێترین شەهیدان، سیامەند شابۆیی، عادل موھاجیر و لوقمان ئاجی، سێ شەهیدی تیرۆرکراوی نەتەوەکەمان بەرز ڕادەگرین و، بە قووڵی هاوخەمی خۆمان لەگەڵ حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و بنەماڵەی داخداری ئەو شەهیدانە و گشت خەڵکی کوردستان دووپات دەکەینەوە، دڵنیاین کە ئەم تیرۆر و ڕەشەکوژییە وەکوو مێژوو نیشانی داوە، ناتوانێت خەباتی خەڵکی کوردستان بۆ ئازادی ڕابگرێت، بەڵکوو سوورترمان دەکات.
کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، لەم یادە خەمناکەدا، وێڕای ناردنی سڵاو و ڕێز بۆ گیانی پاقژی دکتۆر قاسملووی زانا و سەرجەم شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاریی کوردستان، هاوکات پشتیوانی و بەشداریی چڕوپڕی خۆی لە هەموو ئەو کۆڕ و سیمینار و ڕێپێوانانە دەردەبڕێت کە لە دەرەوەی وڵات بۆ بەرزڕاگرتنی یاد و بیرەوەری شەهیدانی ڤییەننا دێتە گۆڕێ.
بەرز و بەڕێز بێ یاد و بیرەوەریی شەهیدی سەرکردە، د. قاسملووی نەمر
شەکاوە بێت ئاڵای خەباتی ڕزگاریخوازانەی کوردستان
کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی
١٣ی جولایی ٢٠٢٣
٢٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٣