ئاشتی گەرمیانی .. بەرشلۆنا . ئیسپانیا
لە درێژە پێدانی کۆنفرانسی ئی ئای جی ئیس لە بەرشلۆنای ووڵاتی ئیسپانیا کە ڕێکخراوی کەیجی لۆبی سەنتەر و وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بەشداری دوو تیم ئەمڕۆ کاتژمێر ٨.٣٠ سیمیناری سەرۆکی ڕێکخراوی کەی جی لۆبی سەنتەر ئاورنگ شاوەیس و خاتوو سیڵڤیا ڕۆنییو بەڕێوە چوو بە زمانی ئینگلیزی ، سەرەتا باسی لە پرۆسەی جینوسایدی گەلی کورد کردو وە باسی لە ڕژێمە یەك لەدوای یەکەکان و مێژووی کۆمەڵکوژی و وێران کردنی ئەو میللەتە کرد لە کاتە جیاوازەکاندا ، کە چۆن دەستیان کرد بە جینوسایدو کۆمەڵکوژی گەلی کورد لە کوردانی فەیلییەکان و بارزانییەکان و پاشان ئەنفال و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و بالیسیان و بەهدینان و ئێزیدییەکان ، دواتر لەلایەن خاتوو سیلڤیا ڕۆنییو کە پارەزەرێکی ئەمەریکی یە و لەگەڵ ڕێکخراوی کەی جی لۆبی سەنتەر و خاتوو ئاورنگ شاوەیس پرۆسەی ڕێكخستنی دۆسیەکان و جینوسایدی گەلی کورد لە ڕووداوەکانەوە دەگوازێتەوە بۆ کۆنگرەو کۆنفرانس و هۆڵە جیهانی یەکان ، لەم سیمینارەی ئەمڕۆدا لە گەڵ یەکێتی زاناینی جیهانی ئای ئەی جی ئێس ئەو بابەتەیان بە ووردی شی کردەوە و خستیانە بەرچاوی ئامادەبوان لە لێکۆڵینەوە و بەڵگەکان و پشت ڕاست کردنەوەیان و دیدارو چاوپێکەوتن و باس لە پرۆسەی جینوسایدی میللەتی کورد بە پێ ی داتاو کاتەکان و ساڵەکان و هۆکارەکانی .
زۆر پرسیار هەیە لێرەدا دێتە پێشەوە وەکو ئەوەی ئایا ئەجیندای کارەکان و ئاکامی پەیامەکان چین ؟وە ئایا ڕۆڵی کورد تا چەند گرنگە لەم کۆنفرانسەدا ؟
بۆ جاری یەکەمە لە ڕابردوودا بەم شێوەیە میللەتی کورد یان دام و دەزگاکان و حکومەت بەشداری لە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی بکات وەکو ئای ئەی جی ئێس وە بتوانێت دەنگی کوردستان کە جینوساید کراوە بهێنێتە نێو کۆڕبەندی جیهانی جینوساید کە ئەمساڵ ٢٠٢٣ لە شاری بەرشلۆنە ی ئیسپانیا ئەنجام درا ، ئەمەش وە نەبێت لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کابینەکانی تردا هەوڵ و کۆششی نەکردبێت بەڵکو بە پێچەوانە هەموو کۆڕبەندەکان وە هەموو کۆبونەوەو بەشداری یە نێودەوڵەتییەکان گرنگی وە پێگەی تایبەتی خۆی هەیە بۆ میللەتەکەمان ، بەڵام لەم سیمینارەدا ئەو پەیامە بە دوو شێوەیە ، یەکەمیان ئامادەبوونی میللەتی کورد و ستافی حکومی و ڕێکخراوەیی وە بەشداری لە سیمینارێك بەو شێوەیە ، دوەمیش خستنە ڕووی جیوسایدی گەلی کورد بە یەکێتی زانایانی جیهانی بۆ جینوساید و ناسینی دەستەی هەڵبژاردەی نوێ ی ڕێکخراوەکە ، لێرەدا ئەوە دەڵێم ماوەی پتر لە ساڵێکە خاتوو ئاورنگ شاوەیس لەگەڵ وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان سەرقاڵی ئەو دۆسیەن وە پەیوەندییەکی پتەویان دروست کردو کەیسی بابەتی جینوسایدیان بەرەو هەنگاوێکی گرنگتر برد ، لەکاتێکدا زۆر کەسایەتی هەیە وە زۆر کۆنفرانس کراوە تەنها لە چوار چێوەیەکدا خۆی گرتۆتەوە ، هێنانی ئەو دەنگانە یان کەیسەکان بۆ نێو یەکێتی زانایان و ئای ئەی جی ئیس و لێکۆڵینەوە لە کەیسەکان و پشت ڕاست کردنەوەیان وە ڕەزامەندی لەسەر هەموو تەوەرەکان گرنگی تایبەتی خۆی هەیە وە هەنگاوی زۆری بڕیوە بۆ داهاتوو .
لە سیمینارەکەدا بەئامادە بوونی سەرۆکی یەکێتی زانیانی جیهانی بۆ جینوساید خاتوو ئێمەلی گوێی لە هەموو پەیام و گفتووگۆکان گرت وە توێژەرەکانی تریش پرسیارو وەڵامیان هەبوو بۆ کەیسەکان ، ئەو سیمینارو بەشدار بونەش وەکو ئەرشیف و دیکومێنتاریەك لە نێو ئەرشیفی ڕێکخراوە جیهانیەکەدا دەمێنێتەوە . چەند پرسیارێکیش لە خاتوو سیلڤیا کرا و ئەویش زۆر بە ڕوونی وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە .