ئەنجامی ڕاپرسییەک دەریدەخات کە ڕێژەیەکی زۆر لە پەنابەرە ئۆکرانییەکان دەیانەوێت بۆ ماوەیەکی زیاتر لە ئەڵمانیا بمێننەوە.
هەرچەندە ڕوون نییە کە ئایا مافی پەنابەرێتییان تا مانگی ئازاری 2024 درێژ دەکرێتەوە، بەڵام نزیکەی نیوەی پەنابەران، پلانیان هەیە بۆ ماوەیەکی درێژتر بمێننەوە، لایەنی کەم بۆ چەند ساڵێک زیاتر، یا تەنانەت بۆ هەمیشەیی.
بە گوێرەی ڕاپرسییەک 71٪ی پەنابەرە ئۆکرانییەکان، پلانیان هەیە بۆ ئەوەی بە هەمیشەیی لە ئەڵمانیا بمێننەوە، لە سەدا 38 دەیانەوێت دوای کۆتایی هاتنی جەنگ لە وڵاتەکەیان بگەڕێنەوە ئۆکرانیا.
لە سەدا 30 دەیانەوێت لە پەیوەندییەکی نزیکدا بمێننەوە لەگەڵ ئەڵمانیا و لانیکەم بۆ ماوەیەک لێی بژین.
بە بەراورد لەگەڵ یەکەم ڕاپرسی کە لە کۆتایی هاوینی 2022 ئەنجامدرا، ئەم ڕێژەیە بە ڕێژەی 5٪ بەرزبووەتەوە.
لێکۆڵینەوەکە لەلایەن کۆمەڵێک پەیمانگای ئەڵمانی و سەنتەرەکانی توێژینەوەوە ئەنجامدراوە، وەک پەیمانگای توێژینەوەی کار (IAB) و پەیمانگای فیدراڵی بۆ توێژینەوەی دانیشتوان، (BiB)هەروەها سەنتەری توێژینەوەی نووسینگەی فیدراڵی بۆ کۆچ و پەنابەران (BAMF-FZ) و، لیژنەی کۆمەڵایەتی و ئابووری (SOEP) لە پەیمانگای ئەڵمانی بۆ توێژینەوەی ئابووری (DIW) لە بەرلین.