بە بۆنەی ساڵیادی تیرۆری دکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملوو بە دەستی تیرۆریستهكانی ڕژێمی ئیسلامیی ئێران، کوردستانییانی دانیشتووی وڵاتی سوید، بۆ ڕیسواکردنی زیاتری ئەو رژێمە و هەروەها سەرکۆنەکردنی بێدەنگیی دەستەڵاتدارانی (ئوتریش) نەمسا، بەرانبەر بە تیرۆری ڕێبەرانی کورد، خۆپێشاندانێکیان لە بەردەرکی باڵیۆزخانەی ئوتریش لە شاری ستۆکهۆڵم بەڕێوەبرد.
ڕۆژی شەممە، ٢٤ی پووشپەڕی ٢٧٢٣ (١٥ی تەمووزی ٢٠٢٣)، کوردستانییانی دانیشتووی سوید، خۆپیشاندانێکیان لە بەردەرکی باڵیۆزخانەی ئوتریش بەڕێوەبرد، وێڕای مەحکوومکردنی ئەو کردەوە تیرۆریستییەی ڕژێمی ئیسلامیی ئیران، بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و وێنەی شەهید دکتۆر قاسملوو، هەروەها وتنەوەی دروشم، کردەوە تیرۆریستییەکانی ئەو ڕژێمەیان شەرمەزار کرد.
خۆپێشاندانەکە بە سروودی نیشتمانیی “ئەی ڕەقیب” دەستی پێکرد و دواتر خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدی ڕێبەر دکتۆر قاسملوو و شەهید عەبدوڵڵا قادری ئازەر و هەموو شەهیدانی ڕزگاریی کوردستان ڕاگەیێنرا.
لە خۆپێشاندانەکەدا کۆمەڵێک پەیام بە بۆنەی ٣٤ ساڵەی تیرۆری د. قاسملوو و، عەبدوڵڵا قادری ئازەر و د. فازڵ ڕەسووڵ، بە زمانەکانی کوردی، سویدی و ئینگلیزی پێشکەش کرا. هەروەها ئاماژە بە تیرۆری چەند ڕۆژ لەمەوبەری ٣ ئەندامی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە دەستی ڕژێمی ئیسلامیی ئێران کرا و، وێڕای شەرمەزارکردنی ئەم کردەوە تیرۆریستییانە، لەلایەن بەشداربووان مەحکووم کرا.
جێی باسە، لەم خۆپیشاندانەدا، فردریک مالم (Fredrik Malm) ئەندامی پەرلەمانی سوید، هەروەها ئەندامانی لایەنە سیاسییەکانی دیکە وتاری خۆیانیان پێشکەش کرد.