ئەڵمانیا: سیمینارێک بۆ سەرپەرشتیاری گشتی ڕەوەندی کوردستانی بەڕێوەچوو

سیمینارێک بۆ سەرپەرشتیکاری گشتی ڕەوەندی کوردستانی، لە ئەڵمانیا و بە ئامادەبوونی نوێنەری میری ئێزدیان و بابەشێخ و دەیان کەسایەتی کوردی ئێزدی بەڕێوەچوو، کە تێیدا رۆڵ و خەبات و ئەو نەهامەتییانەی بەسەر کوردانی ئێزدیدا هاتوون، مژاری گەرمی سیمینارەکە بوو.

شفا بارزانی سەرپەرشتیکاری گشتی ڕەوەندی کوردستانی لە بارەگای بارزانی، سیمینارێکی تایبەتی لەسەر رۆڵ و خەباتی کوردانی ئێزدی و ئەو نەهامەتییانەی بەسەریاندا هاتوون سازدا و، سڵاو و رێزی جەنابی سەرۆکی بە ئامادەبووان ڕاگەیاند و، جەختیشی لەوە کردەوە، کە دڵی بە ڕەوەندی کوردستانی خۆشە و، لەو رێگەیەوە دەنگی مەزڵومی گەلی کوردستان بگەیەننە جیهان.

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، شفا بارزانی بۆ کوردە ئێزدییە بەشداربووەکانی سیمینارەکە، وتی ئێوەی ئامادەبوو، نوێنەری بەشێکی گرینگی گەلی کوردستان دەکەن، کە بە داخەوە لەسەر دەستی ڕەشی دوژمنان تووشی نەهامەتی و کارەساتی مەزن بوون، ئەوەی لە ساڵی 2014 بەسەرتاندا هات، درێژکراوەی ئەو هەموو زوڵمەیە کە بەسەر گەلی کوردستاندا هاتوون، گەلی کوردستان بەبێ جیاوازی رووبەڕووی شاڵاوی تەعریب و راگواستن و تێکدانی هەزاران گوند و بێسەروشوێنکردنی هەزاران فەیلی و هەشت هەزار بارزانی و 182 هەزار کوردیش لەژێر ناوی ئەنفال لەناوبراون.

سەرپەرشتیکاری گشتی ڕەوەندی کوردستانی لە بارەگای بارزانی، باسی لە کیمیابارانکردنی هەڵەبجەی شەهید و زۆر ناوچەی دیکەی کوردستان کرد، کە دەچنە خانەی جینۆسایدەوە، هاوکات ئەو کارەسات و ستەمەی بەرانبەر خوشک و برا کوردە ئێزدییەکان کرا، بە تاوانێکی ناوزەدکرد کە دژی هەموو گەلی کورد کراوە، برینی شنگالیشی بە برینی سەر جەستەی هەموو تاکێکی کورد وێنا کرد، جەختیشی لەوەکردەوە، هیچ کەس بە کارەساتی شنگال هێندەی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی بریندار نەبووە.

جێی باسە، لەو سیمینارەدا، کە بۆ شفا بارزانی لە ئەڵمانیا سازکرا، نزیکەی 700 کوردی ئێزدی بەشداری بوون، و لە لایەن نووسینگەی دیاسپۆرا لە بارەگای بارزانی ڕێکخرا بوو ، هاوکات هەورامان عەلی تۆفیق جێگری کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی ئامادەی بوو.

ڕەنگە بە دڵت بن