ئەڵمانیا چەندین پەنابەری دیپۆرت کردوونەتەوە..بزانە زۆرینە خەڵکی کام وڵاتن

لە ئەڵمانیا ڕێژەی دیپۆرتکردنەوەی ئەو پەنابەرانەی مافی مانەوەیان ڕەتکراونەتەوە، بە ڕێژەی زیاتر لە چارەکێک زیادی کردووە و، ژمارەی ئەو پەنابەرانەش زیادی کردووە کە بە شێوەیەکی خۆبەخش گەڕاونەتەوە وڵاتەکانیان.

لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2023دا، رێژەی دیپۆرتکردنەوەی ئەو پەنابەرانەی لە ئەڵمانیا مافی مانەوەیان رەتکراونەتەوە زیادی کردووە، پارتی چەپی ئەو وڵاتە، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر پشتڕاستی کردەوە کە ژمارەی ئەو کەسانەی لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا دەرکراون، گەیشتووەتە 7،861 کەس، بەوەش نزیکەی 27٪ زیادی کردووە.

وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەدا کە لەنێو ئەو کەسانەی دەرکراون، 1664 ژن و و1375 منداڵ هەبوون، جەختیشی کردەوە لەوەی کە زۆربەی ئەوانەی دەرکراون، هاوڵاتی جۆرجی بوون کە 705 کەس بوون، دواتر هاوڵاتیانی مەکدۆنیای باکوور دێت، 665 کەس، ئەفغانی 659 کەس و، تورک 525 کەس بوون.

ئەو کەسانەی کە داوای پەنابەرییان ڕەتکراوەتەوە، یا ڤیزە، یان مۆڵەتی مانەوەیان بەسەرچووە دەبێت ئەڵمانیا جێبهێڵن.

هەروەها لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا، 520 هەوڵی دەرکردنی شکستخواردوو تۆمارکراون، کە زۆربەیان بەهۆی بەرهەڵستی ئەو کەسانەوە بوون کە بەشداربوون، ڕەتکردنەوەی فڕۆکەوانان یان هێڵە ئاسمانییەکان و پۆلیسی فیدراڵی هۆکار بوون.

هەروەها ژمارەی ئەو کەسانەی کە بە شێوەیەکی خۆبەخش ئەڵمانیایان جێهێشتووە، زیادی کردووە، بەوەی 4،892 کەس بە شێوەیەکی خۆبەخش وڵاتەکەیان جێهێشتووە کە لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە پارەیان بۆ دابین دەکرێت، 2،309 کەسیش کە لەلایەن ویلایەتە فیدراڵییەکان و دەستەڵاتدارانی ناوخۆوە پارەیان بۆ دابین کراوە.

هەروەها 2،186 کەس کە بە شێوەیەکی نایاسایی هاتوونەتە ناو وڵاتەکەوە ڕاستەوخۆ گەڕێندراونەتەوە.

ڕەنگە بە دڵت بن