سەرۆکی فەڕەنسا جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە وڵاتەکەی بە شێوەیەکی بەرچاو ژمارەی کۆچبەران سنووردار بکات، بەتایبەتی ئەوانەی بە نایاسایی دێنە فەڕەنساوە.
ئیمانوێل ماکرۆن لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ گۆڤاری هەفتانەی “Le Point” ڕایگەیاند، حکومەتەکەی لە کۆتایی پشووی هاویندا دەست بە کارەکانی دەکاتەوە بۆ پەرەپێدانی پڕۆژە یاسایەکی نوێ بەرانبەر کۆچبەران و پەنابەران.
وتیشی: “ئەو دۆخەی ئێمە دەیبینین، ناتوانێت بەردەوام بێت و دەبێت بە توندی کۆچ کەم بکەینەوە، بۆ بەدیهێنانی ئەمە، دەبێت سنوورە دەرەکی و ئەوروپییەکانمان باشتر بپارێزرێن”.
سەرۆکی فەڕەنسا ئاماژەی بەوەدا وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا جێراڵد دارمانین پڕۆژە یاسای کۆچ دەگەڕێنێتەوە کە ئەنجومەنی پیران لە زستاندا دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە و لەو کاتەوە چەند جارێک دواخراوە.
ئەمەش لە کاتێکدا حکومەت هەوڵدەدات زۆرینەی دەنگ بۆ دەقی پڕۆژە یاساکە بەدەستبهێنێت، سەرۆک وەزیران هیوادارە خۆی بەدووربگرێت لە بەکارهێنانی ماددەی دەستووری (3-49) کە ڕێگە بە دەرکردنی یاسایەک دەدات بەبێ دەنگدان لە پەرلەمان.