پەنابەرێک کە بە شێوەیەکی نایاسایی لە بەلجیکا دەژی، دوای ئەوەی لە وێستگەیەکی شەمەندەفەر لە برۆکسلی پایتەخت توانی کچێک لە خۆکوشتن ڕزگار بکات، لە وڵاتەکەدا بووە پاڵەوان.
عەبدوڵڵا بوخرووبای تەمەن 25 ساڵ ئەو پەنابەرەیە، کاتێ دەبینێ کچێک لەسەر سکەی شەمەندەفەرێک وەستاوە و چاوەڕێی ئەوە دەکات، کە شەمەندەفەرێک بە سەریدا بڕوات و بیکوژێت، بە زوویی بۆ لای کچەکە رادەکات و باوەشی پێدا دەکات پێش گەیشتنی شەمەندەفەرەکە بە چەند چرکەیەک رزگاری دەکات.
چیرۆکەکە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی مانگی ئاب، و ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکرایەوە کە بەڵگەی ئەوە دەدا، کە زۆر کەس بە “کارێکی پاڵەوانانە” وێنای دەکەن.
هەروەها هەڵسوکەوتی پەنابەرە جەزائیرییەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا سەرنجی زۆر کەسی ڕاکێشاوە، هەندێکیان داوا دەکەن مافی مانەوەی هەمیشەیی لە بەلجیکا پێ بدرێت، ئەوەش وەک خەڵاتێک بۆ بوێرییەکەی.
ئەوەی جێی سەرنجە، لە چیرۆکەکەدا دیارنەمانی پیاوە گەنجەکەیە بە تەواوی، کە وای لە میدیا بەلجیکییەکان کرد هەڵمەتێکی گەڕان بەدوایدا دەستپێبکەن هەتا ئەو کاتەی دۆزییانەوە و ڕۆژی هەینی چاوپێکەوتنێکیان لەگەڵدا ئەنجامدا، کە تیایدا وردەکارییەکانی ئەوەی لە وێستگەکە ڕوویدا ئاشکرا کرد.
ئەو گەنجە وتی: “ئەوەی کردم لەبەر هۆکاری مرۆیی بووە، ئەوە باوەڕپێنەکراوە کە ئەو خۆی بکوژێت و منیش وەک بینەرێک بمێنمەوە”.
میدیاکانی بەلجیکا ئەویان بە “پاڵەوانی وێستگەی شەمەندەفەرەکە” ناودێر کردووە و داوایان کرد کە خەڵات بکرێت، ئەوەش بە ڕێکخستنی دۆخی یاسایی و پێدانی بەڵگەنامەی فەرمی نیشتەجێبوونی، چونکە بە کۆچبەرێکی نایاسایی دادەنرێت، هاوکات و داوای ئەوەشیان کرد کە مەدالیایەکی پێ بدرێت بەهۆی پاڵەوانێتیەکەیەوە.
جێی باسە، یەکێ لەو کەسانەی کە ستایشی کارەکانی ئەو گەنجەی کردووە، پەرلەمانتاری بەلجیکی ئەندرێ فالهووتە، کە لە هەژماری فەیسبووکەکەیدا بە “پاڵەوان” ناوی هێناوە.