میدیاکانی هۆڵەندا تیشکیان خستەسەر ئەزموون و سەرکەوتنی خێزانێکی پەنابەر لە کردنەوەی یەکەم چێشتخانەی ڕووەکی لەو وڵاتەدا و، ئاماژەیان بەوەکرد کە ئەم ئەزموونە کڕیارە هۆڵەندییەکانی سەرسام کردووە.
بە گوێرەی ڕۆژنامەی “ئین دا پۆرت”ی هۆڵەندی لە ڕاپۆرتێکدا هاتووە، خێزانێکی سوری کە لە ساڵی 2015 گەیشتوونەتە هۆڵەندا، چێشتخانەیەکی سورییان لە شاری هارلێمی باکووری هۆڵەندا کردووەتەوە کە خواردنی ڕووەکی پێشکەش دەکات.
لەبارەی ئەوەی کە خێزانەکە ئارەزووی کردنەوەی ئەم جۆرە چێشتخانەیە دەکەن، کچەکەیان نایا دەڵێت: “بەدڵنیاییەوە. ئێمە لە شاری حەلەب دەژیاین و باوکم چەندین چێشتخانەی لەوێ بەڕێوە دەبرد، بەڵام خۆی لە چێشتخانەکە کار ناکات”.
لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی هۆڵەندی، نایا جەخت لەوە دەکاتەوە کە هاوکارییەکی تەواو هەیە لە نێوان ئەندامانی خێزانەکەی لە چێشتخانەی ڕووەکی و ڕوونی دەکاتەوە: “هەموومان بەشداری لە کارەکەدا دەکەین”.
خوشکەکەم جودی لەگەڵ هاوڕێکەی دیکۆرەکەی دامەزراندووە و هەموو شتێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاودەکاتەوە، خوشکە گەورەکەم نور لە ئەڵمانیا دەژی، بەڵام لە کاتی پێویستدا یارمەتیمان دەدات. بەم شێوەیە پێکەوە دروستمان کرد، هەروەها دایکم هەموو بەیانییەک لە ماڵەوە پێکهاتەی تازە ئامادە دەکات، کە باوکم بەکاری دەهێنێت بۆ ئامادەکردنی خواردن لە چێشتخانەکە”.
بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، خێزانە سورییەکە توانیویانە خۆیان لە چێشتخانە عەرەبییەکانی دیکەی شاری هارلێم جیا بکەنەوە، بە وتەی ئاوارە سورییەکە نایا، کە دەڵێت: “بینیمان چێشتخانەیەکی زۆری عەرەبی هەیە، بەڵام زۆربەیان تیشک دەخەنە سەر گۆشت وەک کەباب، دۆنەر، بەڵام ئێمە بڕیارماندا خۆمان بە خواردنی نانی نیوەڕۆی ڕووەکی جیا بکەینەوە”.
نایا دەڵێت کڕیارە هۆڵەندییەکان بە خۆشحاڵییەوە باسی خواردنی ڕووەکی سوری و چیرۆکەکانی پشتیان دەکەن و وتیشی خێزانەکە کاردانەوەی ئەرێنییان لەلایەن کڕیارەکانەوە وەرگرتووە.