ئاژانسی کۆچ و کۆچبەرانی سوید ڕایگەیاند، ژمارەی ئەو پەنابەرە عێراقیانەی کە لە سەرەتای هاوینی ئەمساڵەوە بە مەبەستی دیپۆرتکردنەوە دەستگیرکراون، زیادی کردووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دەستیان کردووە بە دەستگیرکردنی ئەو پەنابەرە عێراقیانەی مافی پەنابەرێتیان رەت کراوەتەوە، یا مافی پەنابەرێتیان بۆ نوێ نەکراوەتەوە لە ناوەندەکانی زیندانیکردن، ئەوەش بەمەبەستی دیپۆرتکردنەوەیان بۆ وڵاتەکەیان.
وەک ئاژانسەکە باسی کردووە، ئەو دەستگیرکردنانە لە ئەنجامی قبوڵکردنی عێراق بووە بە دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرەکان. وەک جۆحیم جانسۆن، جێگری بەڕێوەبەری کۆچی هەرێمی باکووری سوید وتی: “دەستمان کردووە بە هاوکاریکردن لەگەڵ دەستەڵاتدارانی عێراق و پێشکەوتنێکی بەرچاومان بە دەستهێناوە”.
وتی ئەمە بەو مانایە دێت کە ئێستا هەماهەنگییەکی باشترمان هەیە لەگەڵ بەغدا لە ڕابردوودا لە ڕووی دەرکردنی کۆچبەرانی نایاسایی کە لەسەر خاکی سوید نیشتەجێن.
ئەوەشیان خستۆتەڕوو، کە لە مانگی نیساندا 11 عێراقی دەستگیرکراون، بەڵام ژمارەکە لە مانگی ئابدا بەرزبووەتەوە بۆ 45 پەنابەری عێراقی بە مەبەستی دیپۆرتکردنەوەیان.