ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی-دیسلدۆرف، بە بەشداری کۆمەڵەی ڕوناهی ، بەبۆنەی نۆیەمین ساڵیادی جینۆسایدکردنی خوشک و برا ئێزدییەکانی شنگال لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستی داعش، بە ئامادەبوونی سەرپەرشتیاری گشتی ڕەوەندی کوردستانی لە بارەگای بارزانی و، چەندین سیاسەتمەداری ئەڵمانی و نوێنەرانی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی زێرەڤانی چالاکییەکی گرینگیان ئەنجام دا.
دوێنێ شەممە، رێکەوتی٩ی٩ی٢٠٢٣، لە شاری بوخم ، ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی-دیسلدۆرف، بەبۆنەی تێپەڕینی نۆیەمین ساڵ بەسەر کارەساتی شنگال، چالاکییەکیان لە شاری بوخمی ئەڵمانیا سازدا، نەسرین عابدین جێگری بەرپرسی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی-دیسلدۆرف، بە ماڵپەڕێ فەرمیی کۆنفدرایسۆنی ڕەوەندی کوردستانی راگەیاند، لە ساڵیادی جینۆسایدی شنگال کە مانگی ٨ە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە ئەڵمانیا پشووە، ئێمە یادەکەمان خستە مانگی ٩ و، بانگهێشتنامەمان بۆ وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و، فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی ناردبوو تا بەشدار بن، بە خۆشحاڵییەوە بەشدار بوون، چەندین تابلۆی شەڕی دژ بە رێکخراوی تیرۆرستی داعش و جینۆسایدی ئێزدییەکان و، ئەنفالی سەر کوردستان و کارەساتی کوبانیمان لەو چالاکییەدا نمایش کرد، هاوکات فیلمێک بە ناوی (پێشوازی لە مردن)، کە لە دەرهێنانی خۆم بوو و وێنەگری نزار میکائیل بووە، لە چالاکییەکەدا نمایش کران.
نەسرین عابدین ئەوەشی خستەڕوو، چەند سیاسەتمەدارێک بەشداری چالاکییەکە بوون، هەروەها (ماکس لوکس) لە بەرلینەوە هاتبوو و ئەندامی پارتی سەوزی ئەڵمانی بە نوێنەرایەتی پارتەکەی هاتبوو، لەسەر کارەساتەکانی جینۆساید قسەی کرد و، لێکۆڵینەوەی لەسەر ئەو کارەساتانەدا هەیە بەسەر گەلی کورددا هێندراون، ئێستاش لەسەر جینۆسایدی شنگال کار دەکات و بە پێویستی زانی هەڵوەستە لەسەر وەها کارەساتێک بکرێت و لەسەر ئاستی باڵا کاری لەسەر بکرێت، لە بەردەوامی وتارەکەیدا داوای بەردەوامی لێکردین و بەشداری پێشمەرگەکانی کوردستانیشی لەو چالاکییەدا بە سوپرایزێک بۆ خۆی ناو برد.
هەر لەو چالاکییەی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی-دیسلدۆرف، چەند پەرلەمانتارێکی ئەڵمانی و، (خاتوو ئەنجێلیا) جێگری پارێزگاری (بوخۆم)یش ئامادەی بوون، کە وتاری خۆی پێشکەش کرد و، رایگەیاند، دەیەوێت لە نزیکەوە کورد بناسێت، نەک ساڵی جارێک لە بۆنەیەکدا لەگەڵ کوردان کۆببێتەوە، بۆ ئەوەی زیاتر لە ئێش و ئازارەکانی کوردان تێبگات و چۆن چارەسەریان بۆ بکرێت.
دواتریش (شفا بارزانی) سەرپەرشتیاری گشتی ڕەوەندی کوردستانی لە بارەگای بارزانی، وتارێکی پێشکەشی ئامادەبووان کرد و لە بەشێکیدا داوای لە حکومەتی ئەڵمانیا کرد کە پشتگیری گەلی کورد بکەن، وە راشیگەیاند پێویستە لۆبییەکی تایبەتی ئێزدییەکان هەبێت، هەروەها ئاماژەی بە چارەسەر نەکردنی رەوشی شنگال دا، کە تا ئێستا وەکخۆی ماوەتەوە و زۆربەی خوشک و برا ئێزدییەکان ناتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
پاشانیش نوێنەری فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی وتارێکی پێشکەش کرد و، باسی لەو شەڕانەی هێزەکانی پێشمەرگە کرد کە دژ بە رێکخراوی تیرۆریستی داعش کراون، جەختیشی لەوە کردەوە، کە شنگال بە سەرپەرشتی سەرۆک مەسعود بارزانی و هێزە قارەمانەکانی پێشمەرگە رزگار کراوەتەوە.
بابەتی پێشتر
بابەتی داھاتوو
ڕەنگە بە دڵت بن