پزیشکێکی پەنابەر لەسەر چەند تاوانێک سزا درا

پزیشکێکی کۆچبەر بە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر دوو کچ لە ناوەندێکی تەندروستی مالمۆ تاوانبارکرا و لە مانگی 12ی ساڵی ڕابردوودا لە دادگا سزای نۆ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێنرا.

بە گوێرەی لێکۆڵینەوەک کە لەلایەن تەلەفزیۆنی سویدی SVT بڵاوکراوەتەوە، پزیشکەکە مێژوویەکی ناڕێکی پزیشکی هەبووە، لەوانە ژمارەیەکی زۆری منداڵانی کوڕیشی خەتەنە کردووە.

ئەم بەیانییە ئەڵقەیەکی نوێ بە ناونیشانی “پێشکەشکردنی äkarens” لە بەرنامەی ڕۆژنامەوانی لێکۆڵەرەوەی “Uppdrag Granskning” بڵاوکرایەوە.

بەرنامەکە تیشکی خستنەسەر دکتۆر ڕەفیق ئەبو ڕەمەزان بوو، کە بۆ ماوەی چەندین ساڵ کاری پزیشکی کردووە، لەو ماوەیەدا 23 سکاڵای لە دژی تۆمارکراوە لە دەستەی بەرپرسیارێتی چاودێری تەندروستی، جگە لە سێ ئاگادارکردنەوە و، بڕیارێکی دادگا و چەندین ڕاپۆرتی پۆلیس.

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئەبو ڕەمەزان لە ساڵانی نەوەدەکاندا بە بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە پزیشکی لە میسرەوە هاتووە بۆ سوید. سەرەڕای ئەوەی شکستی هێناوە لە تەواوکردنی ئەو ڕاهێنانەی کە پێویستە بۆ کارکردن وەک پزیشک لە سوید ئەنجامی بدا، ئەبو ڕەمەزان بڕوانامەی مۆڵەتی پزیشکی ساختە کردووە و پارەیەکی زۆریشی لە نەخۆشەکانی سەندووە.

یەکەم قوربانییەکانی پزیشکەکە شەش منداڵی کوڕ بوون کە ڕووبەڕووی خەتەنەکردنی دڕندانە بوونەتەوە بەبێ ئەوەی هیچ بێهۆشکردنێکیان پێ بدا. سەرەڕای ئەوەی بە تۆمەتی دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان تاوانبارکراوە، بەڵام دادگای باڵا بێتاوانی کردووە بەو بنەمایەی کە دایک و باوکی منداڵەکان ڕازی بوون بە پرۆسەکە.

ساڵی ۲۰۰۳ لە ڕووداوێکی دیکەدا منداڵێکی تەمەن سێ هەفتەیی لە مردن نزیک کردەوە دوای خەتەنەکردنی.

لە ساڵی ۲۰۰۷، ئەپپدراگ گرانسکنینگ ئاشکرای کرد کە ئەبو ڕەمەزان بڕوانامەی ئینتەرنێتی ساختەی کردووە، کە بۆ بەدەستهێنانی مۆڵەتی پزیشکی لە سوید بەکاری هێناوە. ڕەفیق ئەبو ڕەمەزان ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە، بەڵام سزای زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا بەهۆی ساختەکارییەوە.

سەرەڕای هەموو ئەو سکاڵا و تۆمەتانەی دژی ڕەمەزان هەبوو، ئەو توانی مۆڵەتی پزیشکی خۆی بهێڵێتەوە تا مانگی ئابی ئەمساڵ کاتێک دەستەی بەرپرسیارێتی چاودێری تەندروستی بڕیاریدا بە شێوەیەکی کاتی مۆڵەتەکەی بکشێننەوە.

جێی باسە، ناوبراولە لێکۆڵینەوەکانی تەلەفزیۆنی سویددا رەتی کردۆتەوە بەرگری لە خۆی بکات.

ڕەنگە بە دڵت بن