کەنەدا: فیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی دامەزرا

رۆژی شەممە، رێککەوتی 23.09.2023، لەسەر راسپاردەی کۆمیتەی بەڕێوەبەری و بە ئامادەبوون و سەرپەرشتی راستەوخۆی مستەر کورد، نوێنەری کۆنفدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی لە ئەمەریکا و کەنەدا، فدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی لە شاری ئۆتاوای پایتەختی کەنەدا، وەکوو یەکەمین فدراسیۆنی سەر بە کۆنفدراسیۆنی رەوەندی كوردستانی دامەزرا.

سەرەتای كۆبوونەوەکە بە مارشی نەتەوەیی ئەی رەقیب و راگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای رزگاری کوردستان دەستی پێكرد. دواتر د. عوسمان خۆشناو وەکوو کەسایەتی دیاری رەوەندی کوردستانی لە کەنەدا، بە فەرمیی کۆبوونەوەکەی کردەوە و کار و چالاکییەکانی رەوەندی کوردستانی بە گشتیی، لە ئەمریکا و کەنەدا بە تایبەت بە سەرکەوتوو و جددی پێناسە کرد.

پاشان شفا بارزانی بەرپرسی دیسکی رەوەندی کوردستانی لە بارەگای بارزانی، لە رێگای تەلەفوونەوە بەشداری کۆبوونەوەکەی کرد و وێڕای ماندوونەبوونی لە ئامادەبووان، هیوای سەرکەوتنی لە پێناو خزمەت بە دۆزی رەوای کوردستان بۆ بە ئاوات خواستن.

لە بڕگەیەکی دیکەی کاری کۆبوونەوەکەدا، رەحیم رەشیدی نوێنەری کۆنفدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی لە ئەمریکا و کەنەدا، بە وردی باسی لە بایەخ و پێویستی فدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی کرد و، میکانیزمەکانی دامەزراندنی فدراسیۆنی شیکردەوە کە پاش سازدانی ٥ ناوەندی رەوەندی کوردستانی لە سەرتاسەری کەنەدا دا، فدراسیۆن بۆ بەڕێوەبەری کاروباری وڵاتەکە و گرێدانەوەی ناوەندەکان بە یەکەوە و لە ژێر چەتری کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی دا پێکدێت و تێکۆشانی خۆی بەڕێوەدەبات.

رەشیدی لەسەر ئەوە پێداگری کردەوە فدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی لە کەنەدا ئامانجی کۆکردنەوەی کوردستانیان و یەکخستنی هێز و تواناکانیانە لە پێناو خزمەت بە کوردستان و، وەکوو دامەزراوەیەکی دیموکراتیک و سەربەخۆ موڵکی هەموو کوردێکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر دەبێ لەو وڵاتە کە باوەڕیان بە سەربەخۆیی و ئازادی کوردستانە.

نوێنەری كۆنفدراسیۆن ئەوەشی خستەڕوو کە لەسەر نەوەكانی دووهەم و سێهەمی لاوان بە گشتیی كار دەكەن و، هەوڵ دەدەن کوردستانیان پتر لە گرێچنی سیستمی وڵاتانی رۆژئاوایی دا جێگای خۆیان بکەنەوە، تاکوو لەم رێگاوە باشتر و بەربڵاوتر پشتیوانی زۆرتر بۆ دۆزی ڕەوای کوردستان دەستەبەر بکەن.

لە دوایین بڕگەدا و لە هەڵبژاردنێکی ئازاد و دیموکراتیکدا، بە دەنگی نهێنی هەر یەکە لە سەرتیپ کاکەیی، شوان ئاغا غەفوری، مەم حوسەدەن وەکوو ئەندامی سەرەکی، هەروەها رێژنە بێهرووز و ئەمیر موحەممەدی بە ئەندامی جێگر هەڵبژێردران.

دواتر لە یەکەمین کۆبوونەوەی دەستەی هەڵبژێردراوی فدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی لە کەنەدا، سەرتیپ کاکەیی وەکوو سەرۆکی فدراسیۆن و شوان ئاغا غەفوری بە جێگری سەرۆک هەڵبژێردران

ڕەنگە بە دڵت بن