عەلی جمال
ناوی تەواوی ئەبوقاسم محەمەد كوڕی عەبدوڵای كوڕی عەبدولموتەڵیبە، لە ڕۆژی 22/4/571 زایینی لەدایكبووە، یەكێكە لە پێغەمبەران و كۆتا دانەیانە كە نێردراوە بۆ هەردوو گرۆی مرۆڤ و پەری، وەك هەر پێغەمبەرێكی دیكە لەگەڵ ڕاسپاردنی لەلایەن خوداوە دەستی كردووە بە بانگەشە بۆ ئایینی تاكپەرستی و پەرستنی خودای گەورە و دەستهەڵگرتن لە بتپەرستی و جگەخوداپەرستی، ئەم پێغەمبەرە نەخوێندەوار بووە و بەوە جیادەكرێتەوە كۆتا پێغەمبەرە و هیچ كەسێك لەدوای ئەو نایەت لەلایەن خوداوە، پاكترین بونەوەری خودایە و باشترین مرۆڤی مێژووی مرۆڤایەتییەوە لە هەموو ڕوویەكەوە، لەگەڵ هاتنی ناویدا موسوڵمانان بە (صلى الله عليه وسلم) واتە: سڵاوی خودای لەسەر بێت ڕێزی دەگرن و یادی دەكەنەوە، لە قورئان و سوننەتدا هاتووە كە یادكردنەوە و سڵاو ناردن بۆی خەیرێكی یەكجار گەورەیە.
محەمەد ﷺ كاریگەرییەكی گەورەی لەسەر موسوڵمانان و بێباوەڕانی دونیاش داناوە، تەواوی كایەكانی ڕەوشتی بەكۆتا هێنا و نوێترین وەشانی ڕەوشتی گەیاند، لەدوای هاتنی ئەو ئەو كەسانەی شوێنی كەوتن گۆڕانكارییەك بەسەریاندا ڕوویدا كە بە تەواوی هەستی پێدەكرا لە هەموو ڕوویەكەوە.
موسوڵمانان لەدوای خودای گەورە بە خۆشەویستترین كەسی خۆیانی دەزانن و هەمیشە لە یادیانە، ناوی محەمەد ﷺ لە بانگ و وتەی ڕۆژانە و زیكرەكانیان دووبارە دەبێتەوە، لە ساڵیادی لەدایكبوونیشیدا ئاهەنگ دەگێڕن وەك سوپاسێك بۆ ئەوەی بووەتە فریادڕەسیان لەم دونیا و بەو هۆیەشەوە خواردن دابەش دەكرێ و سفرە و خوانی هەژاران پڕدەكرێت و یارمەتی دەدرێن.
محەمەد ﷺ هەمیشە وەسف كراوە لەلایەن دۆست و دوژمنانییەوە هەتاوەكو ئەمڕۆش، نووسەری جولەكە مایكل هارت وەك مەزنترین مرۆڤی مێژووی مرۆڤایەتی دەناسێت و دەڵێت: “تاكە مرۆڤ كە لە هەردوو لایەنی دونیایی و ئایینی سەركەوتوو بووە”.
لە ناو باشترین پیاوانی مێژوو ناوی محەمەد ﷺ وەک یەکەمین و کاریگەرترین مرۆڤی زەوی دێت.
دوای ئەوەی تەمەنی عەبدوڵا گەیشتە نزیكی 25 ساڵی هاوسەرگیری كرد و بووە خاوەنی منداڵێك، كاتێك محەمەد ﷺ تەمەنی دوو مانگ بوو لە سكی دایكیدا باوكی بۆ مەبەستی بازرگانی گەشت دەكات بۆ شام و لە ڕێگادا لە شاری مەدینە نەخۆش دەكەوێت و ماوەی مانگێك لەوێ دەمێنێتەوە و دواتر كۆچی دوایی دەكات و لە (دار النابغة) دەنێژرێت.
لەدوای خۆی پێنج وشتر و كۆمەڵێك مەڕ و خزمەتكارێكی ئەسیوبی (حەبەشی) بەناوی (بركة) كە پێی دەوترا ئوم ئەیمەن جێدەهێڵێت بۆ ئامینە.
لەدوای تەواوكردنی نۆ مانگ لە سكی دایكیدا محەمەدی كوڕی عەبدوڵا لەدایكدەبێت لە شیوی ئەبوتاڵیب لە ماڵی ئیبن یوسف، كاری مامانییەكەی لەلایەن دایكی عەبدولڕەحمانی كوڕی عەوفەوە بۆ ئەنجامدرا كە یەكێكە لە هاوەڵانی نزیكی پێغەمبەری خودا ﷺ.
لەدایكبوونەكەی كەوتە دووشەممەی 12ـی ڕەبیعولئەوەلی مانگی كۆچی، ڕۆژی لەدایكبوونی لەلای مێژوونووسان بە هەریەك لە ڕۆژەكانی 8 و 9 ـی مانگ دانراوە و ئەهلی سوننەش دەڵێن ڕۆژی 12ـی مانگ بووە، لە مەزهەبی شیعەشدا بە ڕۆژی 17ـی مانگ دانراوە لە ساڵی فیل.
كە دەكاتە 22ـی نیسانی ساڵی 571ـی زایینی.
هەندێك لەوانەی دەیگڕێنەوە وتویانە كە محەمەد ﷺ بە سوننەتكراوی لەدایكبووە، هەندێكیش دەڵێن باپیری لە ڕۆژی حەوتەمی لەدایكبوونی خەتەنەی كردووە، ئامینەی دایكی لەكاتی سكپڕی بە محەمەدەوە ئازاری زۆرێك لە ژنانی دیكەی نەبووە وەك قورسبوون، یاخود خواردنی خاك و هەندێك ڕەفتار لە لە سكپڕەكان دەبینرێن.
دواتریش باپیری ناوی محەمەدی بۆ هەڵدەبژێرێت كە ناوێكی تاكە و نموونەی نەبووە و بە واتای سوپاسكراو دێت.